لە دوای تەمەنی 35 ساڵییەوە پێویستە پێنج پشکنین بکەیت
دکتۆرە "شێلی ماهاجان"، پسپۆڕی هیندی لە زانستی نەخۆشییەکان و جینۆمی کلینیکی، ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکات کە تەمەنیان لە سەروو 35 ساڵییەوەیە، بە شێوەیەکی خولی و بەردەوام پێنج جۆر پشکنینی پزیشکی ئەنجام بدەن بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستییان.
بۆچی تەمەنی 35 ساڵی؟
بە گوتەی ئەم پزیشکە، لە دوای ئەم تەمەنە جەستەی مرۆڤ کەمتر دەتوانێت بەرگەی کاریگەرییەکانی ماندوێتی و سترێس، کەمخەوی، کەمیی جوڵە و سیستەمی ناڕێکی خواردن بگرێت، رەنگە مرۆڤ لە رووکەشدا هەست بە هیچ کێشەیەک نەکات، بەڵام لەم قۆناخەدا هەندێک تێکچوونی تەندروستی لە ناوەوە دەستپێدەکەن کە تەنها لە ڕێگەی پشکنینەوە دەدۆزرێنەوە و چارەسەر دەکرێن.
پشکنینە پێشنیازکراوەکان ئەمانەن:
1-پشکنینی ئاستی شەکرە
ئەمە لە سەرووی لیستەکەدایە، چونکە یارمەتیدەرە بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشی شەکرە یان ئەو نیشانانەی کە ئاماژەن بۆ ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشییە لە داهاتوودا.
2-تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان
پزیشکەکە جەخت دەکاتەوە کە پێویستە ئاستی "کۆلیستڕۆڵ" و "فشاری خوێن" بپێورێت، چونکە دوای تەمەنی 35 ساڵی مەترسی جەڵتەی دڵ و مێشک زیاد دەکات، ئەم پشکنینانە رێگری لەو مەترسییانە دەگرن.
3- فەرمانەکانی جەرگ و گورچیلە
کێشەکانی جەرگ و گورچیلە زۆرجار بۆ ماوەیەکی درێژ بە شاراوەیی دەمێننەوە و نیشانەیان نییە، بۆیە پشکنینی خولی دەبێتە هۆی دۆزینەوەی هەر گرفتێک پێش ئەوەی بگاتە قۆناخێکی مەترسیدار.
4-پشکنینی غودەی دەرەقی
غودە وەک "رێکخەری سەرەکی سووتانی وزە" لە جەستەدا کاردەکات، زۆرجار کێشەکانی غودە وەک ماندوێتی، دڵەڕاوکێ و کەمبوونەوەی وزە دەردەکەون، کە مرۆڤ وا دەزانێت تەنها ماندوێتی ئاساییە، بەڵام لە راستیدا تێکچوونی هۆرمۆنەکانە.
5-ڤیتامینەکانی D3 و B12
کەمیی ئەم دوو ڤیتامینە رەنگە نەبێتە هۆی نەخۆشییەکی کوشندە، بەڵام دەبێتە هۆی بێهێزییەکی بەردەوام، تێکچوونی مەزاج و کەمبوونەوەی توانای کارکردن، کە ئەمەش کوالیتی ژیانی مرۆڤ دادەبەزێنێت.
کردنی ئەم پشکنینانە کاتێکی کەمی دەوێت، بەڵام دەبێتە هۆی ئەوەی ژیانێکی تەندروستترت هەبێت و پێشوەختە رێگری لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان بگریت.