کرێملن: ئەمریکا دوای دۆسیەی ئێران دەگەرێتەوە سەر پرسی ئۆکرانیا
گوتەبێژی کۆشکی کرێملن رایگەیاند، هەرچەندە ئێستا نێردە تایبەتەکانی ئەمریکا سەرقاڵی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی جەنگی ئێرانن، بەڵام مۆسکۆ چاوەڕوان دەکات دوای تەواوبوونی ئەو ئەرکە، گفتوگۆکانی تایبەت بە قەیرانی ئۆکرانیا لەگەڵیاندا دەستپێبکاتەوە.
چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی 2026، دیمیتری پێسکۆف، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن)، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سەرقاڵیی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردە باڵاکانی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان ئێستا وەک بەشێک لە تیمی دانوستانکاری واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران کار دەکەن.
پێسکۆف گوتی: "ئێمە تێدەگەین کە لەم ساتەدا سەرقاڵی دۆسیەی ترن، بەڵام بڕوامان وایە دواتر کاتیان بۆ ئۆکرانیا دەبێتەوە و پەیوەندییەکان بەردەوام دەبن. ئێمە پشت بە بەردەوامیی کارەکان دەبەستین." هەروەها هەوڵەکانی ئەم دوو نێردەیەی بە زۆر بنیاتنەر وەسف کرد و ستایشی ئامادەیی ئەوانی کرد بۆ گوێگرتن لە هەموو لایەنەکان.
ئەم لێدوانە ئەرێنییانەی پێسکۆف لە کاتێکدا دێن کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی باڵای رووسیا واشنتنیان بەوە تۆمەتبار کردبوو کە پابەندی "لێکتێگەیشتنەکانی لوتکەی ئەلاسکا" نەبووە، کە لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو لە نێوان ڤلادیمێر پووتی، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامدرا.
رووسیا لە دانوستانەکاندا جەخت لەسەر چەمکێک دەکاتەوە کە بە "رۆحی ئەنکۆرێج" ناوی دەبەن. بەپێی شیکەرەوەکان، ئەمە ئاماژەیە بۆ دیدگای مۆسکۆ بۆ رێککەوتنێک کە تێیدا هێزەکانی ئۆکرانیا لە ناوچەکانی دۆنباس بکشێنەوە و لە بەرامبەردا رووسیا هێڵەکانی شەڕ لە بەرەکانی تردا رابگرێت بیبەستێت' بەڵام حکوومەتی کیێڤ چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری هیچ بستێک لە خاکی وڵاتەکەی نابێت بۆ رووسیا.