جەهەپە: بۆ ئاشتییەکی بەردەوام دەبێت دیموکراسی و سەروەری یاسا جێگیر بێت

​ مورات ئەمیر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ڕایگەیاند، ماوەیەکی زۆر بەسەر ڕاپۆرتی پەرلەماندا تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی لە پرۆسەکەدا نابینرێت.

مورات ئەمیر، کە وەک کەسێکی نزیک لە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئێستای جەهەپە دەناسرێت، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان لە ڕاپۆرتەکەدا بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام، پێشنیازیان کردووە یاسا سەروەر بێت و دیموکراسی جێبەجێ بکرێت، بەڵام پێشهاتەکانی ئێستا بە پێچەوانەی ئەو ئاراستەیەن.

مورات ئەمیر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لەو بارەیەوە دەڵێت
"چەندین جار گوتوومانە؛ دەبێت ڕاپۆرتی کۆمیسیۆن لەبیر نەکرێت و تەنیا لە چوارچێوەی قسەدا نەمێنێتەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا بە تایبەت بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی بە یەکجاری، چەندین پێشنیاز خرابوونە ڕوو، کە پێشنیازی دیموکراسی و دەوڵەتی یاسا بوون."

ئەو بەرپرسەی جەهەپە دەشڵێت "ئەو ڕاپۆرتە بە پشتگیری هەموو پارتەکان و ئەقڵی بەکۆمەڵی هەموو هاووڵاتییان ئامادە کرابوو. ئێمە گوتمان با ئاشتی هەمیشەیی بێت، بۆ ئەمەش پێشنیازمان کرد کە دەبێت دیموکراسی و مافپەروەری لە تورکیا سەروەر بێت."