ئیدارەی ترەمپ داوای 672 ملیۆن دۆلار دەکات بۆ لەناوبردنی ماددە ئەتۆمییەکانی ئێران
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، وەک بەشێک لە بودجەیەکی تەواوکاریی 80 ملیار دۆلاری، داوای تەرخانکردنی 672 ملیۆن دۆلاری کردووە بۆ پاکتاوکردنی ماددە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەنجامدانی پشکنینی ورد و رێگریکردن لەوەی تاران هیچ کات توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەبێت.
چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی 2026، بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی "فۆکس نیوز"، ئەم بودجە تایبەتە بۆ وەزارەتی وزەی ئەمریکا تەرخان دەکرێت تاوەکو پشتگیری لە چالاکییەکانی پاکتاوکردن و لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو و سووتەمەنی ریاکتۆرە توێژینەوەییەکان بکات لە ناوخۆی ئێراندا.
هەروەها ئەم پارەیە بۆ بەهێزکردنی تیمەکانی پشکنینی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی تیمی فریاگوزاری ئەتۆمی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەرج دەکرێت.
ئەم داواکارییە داراییە لە کاتێکدایە کە دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران لە سویسرا، بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، سەرقاڵی گۆڕینی یاداشتی لێکتێگەیشتنی 17ـی حوزەیرانن بۆ رێککەوتنێکی کۆتایی. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان بریتییە لە کەمکردنەوەی کوالێتی پاشەکەوتی یۆرانیۆمی ئێران تا ئاستێک کە نەتوانرێت بۆ مەبەستی سەربازی بەکاربهێنرێت.
پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، ئەندامانی کۆنگرێسی لەم بودجە 80 ملیار دۆلارییە ئاگادار کردووەتەوە کە جگە لە دۆسیەی ئەتۆمی، تێچووەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران و پڕکردنەوەی کۆگاکانی تەقەمەنی وڵاتەکە دادەپۆشێت.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاند، ئێران بە تەواوی رازی بووە بە بەرزترین ئاستی پشکنینی ئەتۆمی بۆ کاتێکی نادیار و گوتی: "ئەگەر ئەوان بەمە رازی نەبووایە، دانوستانەکان هەر زوو کۆتاییان دەهات."
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە پرۆسەی گواستنەوە یان لەناوبردنی مەوادە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەرکێکی تەکنیکی و ئەمنیی زۆر ئاڵۆزە و هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی "سافایەر"ی ساڵی 1994 دەبێت کە تێیدا ئەمریکا مەوادە ئەتۆمییەکانی لە کازاخستانەوە گواستەوە. ئێستا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە کە ئایا ئەو مەوادانە لە ناو ئێران دەمێننەوە یان بۆ وڵاتێکی سێیەم دەگوازرێنەوە.