مارک رووتە: نابێت ئێران هەرگیز دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبووەوە و رایگەیاند، تەواوی ئەندامانی هاوپەیمانییەکە هاوڕان لەسەر ئەوەی ئێران مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی جیهان و نابێت رێگەی پێ بدرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، رایگەیاند کە هەموو ئەندامانی ناتۆ سوورن لەسەر ئەوەی ئێران ئاژاوە لە جیهاندا دروست دەکات و وەک مەترسییەکی گەورە دەردەکەوێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە نابێت هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوە کرد، ئێران لەماوەی رابردوودا ئاژاوەی هەناردەی دەرەوە کردووە و لە رێگەی پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکانەوە بووەتە مەترسی بۆ سەر تەواوی جیهان و بەتایبەتی بۆ سەر ئیسرائیل، هەر بۆیە تەواوی ئەوروپا و ناتۆ کۆکن لەسەر رێگریکردن لە توانا ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە.
سەبارەت بە هەڵوێستی واشنتن بەرامبەر هاوپەیمانییەکە، مارک رووتە دووپاتیکردەوە کە سەرۆک ترەمپ پابەندە بە ناتۆوە، بەڵام نیگەرانیی لەبارەی بودجەی بەرگریی وڵاتانی ئەوروپی هەیە و بە کەمی دەزانێت. رووتە داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد خەرجییەکانیان لە کەرتی بەرگریدا زیاد بکەن و ئاماژەی بەوەدا کە ساڵی رابردوو رێککەوتوون لەسەر تەرخانکردنی رێژەی 5% بۆ بودجەی بەرگری.
لە لایەکی دیکەوە، سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاشکرای کرد کە لە ماوەی کەمتر لە 2 هەفتەی دیکەدا، لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە دەستپێدەکات. گوتیشی: "لەو لوتکەیەدا جگە لە 32 ئەندامە سەرەکییەکەی ناتۆ، 9 بۆ 10 وڵاتی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی زەریای هێمن بەشداریی تێدا دەکەن."