ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی ڤێنێزوێلا بەرزبووەوە

دیمەنێکی دوای بوومەلەرزەکە (وێنە: AFP)
دیمەنێکی دوای بوومەلەرزەکە (وێنە: AFP)

بەهۆی دوو بوومەلەرزەی زۆر بەهێز لە ڤێنێزوێلا، سەدان کەس بوونە قوربانی و سەرۆکی کاتیی وڵاتەکەش باری لەناکاوی راگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، دێلسی رۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤێنێزوێلا رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو دوو بوومەلەرزە زۆر بەهێزانەی ڤێنێزوێلایان هەژاند؛  لانیکەم 164 کەس گیانیان لەدەست داوە و 971 کەسی دیکەش بریندار بوون.

سەرۆکی کاتیی ڤێنێزوێلا گوتیشی: "دەیان باڵەخانە لە چەندان پارێزگا رووخاون و ئێستا بە چڕی خەریکی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی ژیانی خەڵکین."

رۆدریگێز باری لەناکاوی راگەیاند و گوتی، بوومەلەرزەکان زیانیان بە چەندین پارێزگا گەیاندووە. داواشی لە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی کرد بچنە نەخۆشخانەکان بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان.

ئەم دوو بوومەلەرزەیە بە بەهێزترین دادەنرێن لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵی رابردوودا لە ڤێنێزوێلا  روویاندابێت و لە هەموو ناوچەکەدا هەستی پێ کراوە. 

دەستەی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا رایگەیاند، بوومەلەرزەی یەکەم بە گوڕی 7.2 پلە لە رۆژئاوای مۆرۆن لە کەناراوەکانی کاریبی روویداوە و قووڵییەکەی 22 کیلۆمەتر بووە. 

تەنیا یەک خولەک دواتر، بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 7.5 پلە و بە قووڵی 10 کیلۆمەتر روویداوە و چەقەکەی 16 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای مۆرۆنەوە دوور بووە.

سەرەڕای ئەوەی ڤێنێزوێلا  دەکەوێتە سەر چەندین هێڵی درزی زەوی، بەڵام شوێنەکەی لە نێوان پلێتەکانی ژێر زەویی ئەمریکای باشوور و دەریای کاریبی، وای کردووە بوومەلەرزەی بەهێز زۆر کەمتر بێت بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی ئەمریکای لاتین.