دادگایەکی ئەمریکا داوای ئاشکراکردنی ناوی تێوەگلاوانی دۆسیەی ئیپستین دەکات
دادگایەکی فیدراڵی ئەمریکا، وەزارەتی دادی ئەو وڵاتەی پابەند کرد بە لادانی نھێنی لەسەر کۆمەڵێک بەڵگەنامەی هەستیاری پەیوەست بە دۆسیەی "جێفری ئیپستین"، بەڵگەنامەکان ناوی ئەو کەسانەی تێدایە کە گومانیان لێدەکرێت هاوکار یان تێوەگلاو بن لە دابینکردنی پارە و ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەست بە بازرگانیکردن و دەستدرێژی بۆ سەر منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی.
ئەم بڕیارەی دادگا دوای ئەوە هات کە رۆژنامەنووسی ئەمریکی، کاتی بانگ، لە مانگی نیسانی رابردوودا سکاڵایەکی یاسایی دژی وەزارەتی داد و داواکاری گشتی تۆمار کرد، بانگ لە سکاڵاکەیدا وەزارەتی دادی تۆمەتبار کردبوو بەوەی بە ئەنقەست ناوی هاوکارانی ئیپستین دەشارنەوە و بە شێوەیەکی زیاد لە پێویست زانیارییەکان لە ناو دۆسیەکاندا دەسڕنەوە.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگا، داواکارییەکەی ئەو رۆژنامەنوسە بۆ دەرکردنی فەرمانێکی دادوەری سەرەتایی وەرگیراوە. لە حوکمەکەدا هاتووە کە دەبێت وەزارەتی داد تاوەکو 2ـی تەممووز، ئەم بەڵگەنامانەی خوارەوە بڵاو بکاتەوە:
1. هەشت نامە کە ناوی تەواوی نێرەر و وەرگرەکانیان تێدایە.
2. دوو بەڵگەنامە کە ناوی ئەو کەسانەی تێدایە کە گومانی تێوەگڵانیان لێدەکرێت.
3. تێبینییە رەسەنەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) سەبارەت بە چوار راپۆرتی تایبەت و چەند ماددەیەکی بیانی.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دادی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو زیاتر لە 3.5 ملیۆن لاپەڕە لە بەڵگەنامەکانی دۆسیەی ئیپستینی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام بڕیارە نوێیەکەی دادگا جەخت لەسەر ئەو بەشە دەکاتەوە کە تا ئێستا بە نهێنی هێڵدراونەتەوە.