ترەمپ: ئەگەر هێرشمان نەکردایە ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستدەهێنا
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە ئێران دەیەوێت دانووستان لەگەڵ واشنتن بکات و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی لە پێگەی هێزەوە مامەڵە دەکات. دۆناڵد ترەمپ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر هێرشیان نەکردایەتە سەر ئێران، تاران دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و لە ماوەی یەک کاتژمێردا بەکاری دەهێنا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران خواستی دانووستانی هەیە و گوتی: "ئێمە لە پێگەی هێزەوە دانووستانیان لەگەڵدا دەکەین، چونکە 100%ی توانای سەربازی و سەرکردەکانیان لەناوچوون."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئێران بە هیچ شێوەیەک نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و وتی: "ئەگەر هێرشمان نەکردایەتە سەر ئێران، چەکی ئەتۆمییان بەدەستدەهێنا و دەبووە مەترسی بۆ سەر جیهان، چونکە گەر ئەو چەکەیان هەبووایە لە ماوەی یەک کاتژمێردا بەکاریان دەهێنا." ئاماژەی بەوەش کرد کە هێز و سەرکردەکانی ئێرانیان لە ماوەی هەفتە و نیوێکدا بە رێژەی 100% لەناوبردووە.
سەبارەت بە دۆخی ئابووریی ئێران، ترەمپ وتی: "ئەو وڵاتە دۆخێکی سەختی لە دابینکردنی خۆراکدا بەڕێکرد، بۆیە بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران بۆ کڕینی سۆیا، گەنم و گەنمەشامی خەرج دەکەین لە پێناو بەرژەوەندیی گەلی ئێران." راشیگەیاند کە ئەم پرۆسەیە بەمزووانە دەستپێدەکات و بازاڕێکی نوێ بۆ وڵاتی "مەزنی ئێران" دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بە دۆخی گەرووی هورمز کرد و رایگەیاند کە دۆخەکە ئاساییە، ئاشکراشی کرد کە دوێنێ 19 ملیۆن بەرمیل نەوت لەو گەرووەوە تێپەڕیوە، کە ئەوەش بەرزترین رێژەیە لە مێژوودا تۆمارکرابێت.
هاوکات لەگەڵ باسی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا ئاوڕی لە کارەساتی بومەلەرزەکەی ڤێنێزوێلاش دایەوە و رایگەیاند، واشنتن هاوکاریی پێشکەش بەو وڵاتە دەکات دوای ئەو دوو بومەلەرزە بەهێزەی کە هەژاندوویانە.