تاران هۆشداری دەداتە وڵاتانی کەنداو

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی، 26ـی حوزەیرانی 2026، جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوونی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو بە پرەنسیپی دراوسێیەتی باش کردەوە.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هاتووە، چاوەڕوان دەکەن ئەو وڵاتانەی خاکەکەیان بۆ بە ئامانجگرتنی ئێران بەکارهێنراوە، پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانیاندا بکەن. ئاماژەی بەوەشداوە، دەبێت وڵاتانی کەنداو رێگری بکەن لەوەی لایەنی سێیەم خاک و دامەزراوەکانیان بۆ هەر جۆرە دەستدرێژییەک دژی ئێران بەکاربهێنێت.

لە لایەکی ترەوە، تاران نیگەرانی خۆی دەربڕیوە بەرانبەر ئەوەی بە "درۆ گەورەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل" وەسفی کردووە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی و داوای لە وڵاتانی کەنداو کردووە بچنە پاڵ دەسپێشخەرییەکەی ئێران بۆ هێنانەدی ناوچەیەکی خاڵی لە چەکی ئەتۆمی لە رۆژئاوای ئاسیا.

ئەم هەڵوێستەی ئێران دوای ئەوە دێت کە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە گەیشتە بەحرێن و دواتر بۆ ئیمارات و کوێت، کە مەبەست لێی کۆکردنەوەی پشتگیری وڵاتانی کەنداو بوو بۆ ئەو رێککەوتنە سەرەتاییەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئێران کردوویەتی.