پێنتاگۆن 35 ملیار دۆلار بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی مووشەک تەرخان دەکات

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) گەورەترین گرێبەستی کڕینی تەقەمەنی بە بەهای 35 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای "لوکهید مارتن" واژۆ کرد. ئەم هەنگاوە ئامانج لێی زیادکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی سیستەمی بەرگری، دوای ئەوەی بەهۆی رووبەڕووبوونەوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە لەگەڵ ئێران، کۆگا ستراتیژییەکانی ئەمریکا تووشی کەمبوونەوە بوون.

هەینی 26ی حوزەیرانی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی پێنتاگۆن، ئەم گرێبەستە بۆ ماوەی 7 ساڵ بەردەوام دەبێت و ئامانجی سەرەکیی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵانەی مووشەکی سیستەمی بەرگریی لە 96 مووشەکەوە بۆ نزیکەی 400 مووشەک.

لەم بارەیەوە، ئاژانسی بلوومبێرگ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە گەورەترین هەوڵی واشنتنە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو چەک و تەقەمەنییانەی لە جەنگی ئەمدواییەی ناوچەکەدا بەکارهێنراون.

بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا دانیان بەوەدا ناوە کە بەکارهێنانی زۆری سیستەمی بەرگرییان بۆ تێکشاندنی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران کە ئاراستەی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا کرابوون، بووەتە هۆی ئەوەی کۆگا ستراتیژییەکانی ئەمریکا بگەنە ئاستێکی مەترسیدار؛ هاوکات تێچووی هەر مووشەکێک زیاتر لە 12 ملیۆن دۆلارە و یەکێکە لە گرانترین و پێشکەوتووترین سیستەمە بەرگرییەکانی جیهان.

ئەم گرێبەستە نوێیە وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی نوێی پێنتاگۆن دەبینرێت بۆ چاککردنی ژێرخانی پیشەسازیی بەرگری و خێراکردنی گەیاندنی چەک بە تێچووی کەمتر.

تیم کاهیل، بەرپرسی کەرتی مووشەک لە کۆمپانیای لوکهید مارتن، رایگەیاند: "ئەم شێوازە نوێیەی کڕین، تواناکانمان بۆ بەهێزکردنی بنکە پیشەسازییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ شەڕکەری ئەمریکی بە خێرایی و قەبارەیەکی بێپێشینە زیاد دەکات."

بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە زەبەلاحە، کۆمپانیای لوکهید مارتن بڕی 9 ملیار دۆلار لە پەرەپێدانی کارگەکانی لە ویلایەتەکانی ئالاباما، ئارکنساس، تێکساس و کالیفۆرنیا وەبەرهێنان دەکات. بڕیارە کارەکانی ئەم گرێبەستە لە نێوان ساڵانی 2026 بۆ 2032 جێبەجێ بکرێن، و هەر لە ئێستاوە بڕی 842 ملیۆن دۆلار وەک پێشەکی بۆ ساڵی دارایی 2026 تەرخانکراوە.