سێنتکۆم: بنکەکانی ئێرانمان لە گەرووی هورمز بۆردوومان کرد

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای کرد کە هێزە ئاسمانییەکانیان چەندین پێگەی سەربازیی ئێرانییان لە ناوچەی گەرووی هورمز پێکاوە. ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکی راستەوخۆ دێن بۆ ئەو هێرشە درۆنییەی کە ئێران دوێنێ ئەنجامی دا بۆ سەر کەشتییەکی بارهەڵگری مەدەنی، کە واشنتن بە "پێشێلکارییەکی روونی ئاگربەست" وەسفی دەکات.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ هەینی 26ـی حوزەیرانی 2026، ، فڕۆکە جەنگییەکانمان کۆگاکانی مووشەک و درۆن و بنکە رادارییەکانی کەناراوەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ، ئێران بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر کەشتیی بارهەڵگری (M/V Ever Lovely) کە بە ئاڵای سەنگاپوورەوە لە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕی.

سێنتکۆم جەختی کردەوە کە ئەم رەفتارانەی ئێران مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر ئازادیی گەشتیاریی دەریایی لەم رێڕەوە نێودەوڵەتییە گرنگەدا. راشیگەیاندووە، "دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان پێشێلکردنی ئاشکرای رێککەوتنی ئاگربەستە. هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن لە پاراستنی ئاسایشی کەشتییەکان و چاودێریکردنی وردی پابەندبوونی ئێران بە رێککەوتنەکانەوە."

لەلایەکی دیکەوە، میدیا فەرمییەکانی ئێران (صدا و سیما) پشتڕاستیان کردەوە کە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە اسکەلەی "تاهرویی" لە شاری سیریک بیستراوە. سەرچاوە سەربازییەکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە تەقینەوەکە بەهۆی بەرکەوتنی "تەنێکی فڕێدراو" بووە بۆ سنووری اسکەلەکە.

هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ئاشکرای کرد هێزەکانی ئێران لانیکەم بە چوار درۆنی بۆمبڕیژکراو، ئەو کەشتییانەیان کردووەتە ئامانج کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕین.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کردووە، هێزەکانیان توانیویانە سێ درۆنی دیکەی ئێرانی لە ئاسماندا بخەنە خوارەوە و رێگری لە پێکانی ئامانجەکانیان بکەن؛ گوتیشی: "ئەمە پێشێلکاریی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوانمانە."