جەی دی ڤانس هۆشداری دەداتە ئێران

جەی دی ڤانس بۆ ئێران: توندوتیژی بە توندوتیژی وەڵام دەدرێتەوە

جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە ئێران هەر هێرشێکی نوێ بە هێز وەڵام دەدرێتەوە. ئەمەش دوای ئەو هێرشانەی ئەمریکا دێت کە پێگەکانی ئێرانیان لە درێژایی گەرووی هورمز کردە ئامانج.

جەی دی ڤانس، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، ئێران رێککەوتنی ئاگربەستی واژۆ کردووە و ئەمریکاش "پاپەندی بووە".

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر تاران ناڕەزایەتی هەیە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکگەیشتنەکە، دەتوانێت پەنا بۆ کەناڵە دیپلۆماسییەکان ببات، بەڵام جەختی کردەوە: "توندوتیژی بە توندوتیژی وەڵام دەدرێتەوە."

لای خۆیەوە دوێنێ هەینی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی کۆگاکردنی مووشەک و درۆنی ئێران، لەگەڵ دامەزراوەکانی راداری کەناراوەکان. ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشەی کرایە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمزدا.

لەلایەکی دیکەوە هەر دوێنێ هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال ئاشکرای کرد هێزەکانی ئێران بە چوار درۆنی بۆمبڕیژکراو، ئەو کەشتییانەیان کردووەتە ئامانج کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕین.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کردووە، هێزەکانیان توانیویانە سێ درۆنی دیکەی ئێرانی لە ئاسماندا بخەنە خوارەوە و رێگری لە ئامانجەکانیان بکەن؛ گوتیشی: "ئەمە پێشێلکاریی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوانمانە."