زیاتر لە چوار ملیۆن تۆن گەنمی لە جووتیاران وەرگیراوە

دروێنەی گەنم لە هەرێمی کوردستان
دروێنەی گەنم لە هەرێمی کوردستان

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشکرای دەکات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و پرۆسەکەش لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

ئەمڕۆ شەممە، 27ـی حوزەیرانی 2026، حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، تاوەکو ئێستا کۆی گەنمی وەرگیراو لە سەرتاسەری پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی چوار ملیۆن و 100 هەزار تۆن، پێشبینیش دەکرێت کۆی گشتی بگاتە پێنج ملیۆن تۆن.

سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان، گەرعاوی ئاشکرای کرد، تاوەکو دوێنێ 154 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە و هێشتا نزیکەی 250 هەزار تۆنی دیکە ماوە وەربگیرێت. لە کاتێکدا پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق کۆتایی هاتووە، بەڵام سایلۆکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک و نەینەوا بۆ وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران کراوەن.

حکوومەتی عێراق بۆ ئەم وەرزە بڕیاری وەرگرتنی 400 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان داوە، بە جۆرێک 292 هەزار تۆنی بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵی، هەروەها 108 هەزار تۆنەکەی دیکەش بە نرخی 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی وەردەگیرێت. 

پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە دەستی پێ کردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.