پەرلەمانتارێکی حزبوڵڵا: باشووری لوبنان کێڵگەی باوکی سەرۆککۆمار نییە تا رادەستی بکات

ئیهاب حەمادە، پەرلەمانتاری لوبنان لە فراکسیۆنی (وەفا بۆ بەرگری)
ئیهاب حەمادە، پەرلەمانتاری لوبنان لە فراکسیۆنی (وەفا بۆ بەرگری)

پەرلەمانتارێکی حزبوڵڵای لوبنان رێککەوتنی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل رەتدەکاتەوە و هۆشداری دەدات، مەرجی چەکدانانی حزبوڵڵا بۆ کشانەوەی ئیسرائیل، وڵاتەکە بەرەو پێکدادانی ناوخۆیی دەبات.

ئیهاب حەمادە، پەرلەمانتاری لوبنان لە فراکسیۆنی (وەفا بۆ بەرگری)، سەبارەت بە رێککەوتنەکەی لوبنان و ئیسرائیل بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەسەڵاتی ئێستای لوبنان بەرپرسیارێتیی تەواو لە ئەستۆ دەگرێت بۆ مانەوەی ئیسرائیل و هاندانی بۆ ئەوەی گەورەترین پێکهاتە نەهێڵێت.

سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، کشانەوە یەکەم خاڵی رێککەوتنی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێرانە، بەڵام ناتانیاهۆ جەخت لەسەر نەکشانەوە دەکاتەوە، ئەمەش پێشێلکردنی خاڵی یەکەمە و بەمەش دۆخی گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە دۆخی سەرەتا.

 هەروەها دووپاتی کردەوە، بەستنەوەی کشانەوە بە چەکدانانی حزبوڵڵا هەنگاوێکە بەرەو پێکدادانی ناوخۆیی، دەسەڵاتی لوبنانیش ئەو شتەی لەبەردەست نییە ئیسرائیل داوای لێ دەکات. هاوکات جەختی لە بەردەوامبوونی بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل کردەوە تاوەکوو تەواوی خاکەکەی رزگار دەکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو پەرلەمانتارەی حزبوڵڵا گوتی، رێککەوتنەکە تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەزە و دەبێت وەک رێککەوتنێکی ئیسرائیلی-ئیسرائیلی سەیر بکرێت، چونکە دڵسۆزیی حکوومەت بۆ ئیسرائیل نیشان دەدات. 

لە کۆتاییشدا، ئیهاب حەمادە پەیامێکی ئاراستەی سەرۆککۆماری لوبنان کرد و گوتی، پێویستە جۆزێف عەون ئەوە بزانێت باشوور کێڵگەی باوکی نییە تاوەکوو رادەستی بکات.

دوێنێ هەینی، 26ـی حوزەیران، بە نێوەندگیریی ئەمریکا، رێککەوتنێکی چوارچێوەیی لە نێوان حکوومەتی لوبنان و ئیسرائیل واژۆ کرا. بەپێی ئەم رێککەوتنە، ئیسرائیل قۆناخ بە قۆناخ لە باشووری لوبنان دەکشێتەوە، بەو مەرجەی حزبوڵڵا چەک دابنێت و سوپای لوبنان لە ناوچەکە جێگیر بکرێت. 

جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان، رێککەوتنەکەی وەک هەنگاوی یەکەم بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی وڵاتەکەی وەسف کرد. بەڵام حزبوڵڵای لوبنان بە توندی دژی ئەم رێککەوتنە وەستایەوە و سەرکردەکانی، لە نێویاندا نەعیم قاسم و حەسەن فەزڵوڵڵا، رایانگەیاند ئەمە رێککەوتنێکی سەپێندراوە و هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لە وڵاتەکەدا.

 ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامن و گرژییەکانی ناوچەکە پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە دۆخی ئاسایشی گەرووی هورمز و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە.