نەعیم قاسم: رێککەوتنی لوبنان و ئیسرائیل شەرعییەتی نییە

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، رێککەوتنی چوارچێوەیی نێوان حکوومەتی لوبنان و ئیسرائیلی رەت کردەوە و بە "سەرشۆڕانە" وەسفی کرد. قاسم جەختی کردەوە کە بەستنەوەی کشانەوەی ئیسرائیل بە داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا، بەزاندنی هەموو هێڵە سوورەکانە و رایگەیاند کە ئەوان مەیدانی شەڕ چۆڵ ناکەن.

شەممە 27ـی حوزەیرانی 2026،  نەعیم قاسم ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، دوای واژۆکردنی رێککەوتنی سێقۆڵیی نێوان لوبنان، ئیسرائیل و ئەمریکا لە واشنتن، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە پاشەکشەیەکی گەورەیە لە سەروەریی نیشتمانیی لوبنان و دەستکەوتێکی بێبەرامبەرە کە دراوەتە ئەمریکا و ئیسرائیل.

نەعیم قاسم ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دانوستانە راستەوخۆیانەی لە واشنتن بەڕێوەچوون، هەوڵێک بوون بۆ سەپاندنی تەسلیمبوون بەسەر گەلی لوبناندا؛ گوتیشی: رێککەوتنی واشنتن بێبایەخ و شەرعییەتی نییە؛ پێویست بوو لە جیاتی ئەوە، بڕگەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ راگرتنی شەڕ لە لوبنان جێبەجێ بکرایە."

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا بە توندی رەخنەی لەو بڕگەیە گرت کە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل دەبەستێتەوە بە چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان و گوتی: "ئەمە وا دەکات لوبنان ببێتە یاریچەی دەستی دوژمن." هەروەها هۆشداریی دا کە شەرعییەت دان بە مانەوەی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بۆ ماوەیەکی کاتی، لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی داگیرکارییەکی درێژخایەن و ئەگەری لکاندنی ئەو ناوچانە بە خاکی ئیسرائیلەوە.

نەعیم قاسم دووپاتی کردەوە کە "مقاوەمە هەرگیز مەیدان چۆڵ ناکات" و بەردەوام دەبن لە رێگەکەیان تاوەکو ئازادکردنی تەواوەتی خاکەکە، گەڕانەوەی ئاوارەکان، ئازادکردنی دیلەکان و ئاوەدانکردنەوەی لوبنان، بەبێ ئەوەی گوێ بەو رێککەوتنانە بدەن کە لە دەرەوەی ویستی ئەوان واژۆ دەکرێن.

دوێنێ هەینی،  لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا، نوێنەرانی لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێککەوتنێکیان واژۆ کرا. ئامانجی سەرەکیی رێککەوتنەکە داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکە کە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی واژۆکردنی رێککەوتننامەیەکی گشتگیری ئاشتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.