زەیدی: لە دوو هەفتەدا کابینەکەم تەواو دەکەم
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا چەندین پرسی هەستیاری تایبەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ئابووری، نەوت و کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپەکان ئاشکرا دەکات و جەخت لە دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی ئاوەدانکردنەوە دەکاتەوە.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "سکای نیوز" رایگەیاند، سەردانەکەیان بۆ واشنتۆن تەنیا سەردانێکی پڕۆتۆکۆڵی نابێت، بەڵکوو راگەیاندنی قۆناخێکی نوێی هاوبەشییە لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزی بەرانبەر.
زەیدی ئاشکرای کرد، لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتایی بە ئەرکی شەڕکردن دەهێنن و بە یەکجاری عێراق جێدەهێڵن، لەبری ئەوەش بەغدا دەیەوێت بوونی ئەمریکا لە رێگەی هاوبەشیی ئابووری و وەبەرهێنانەوە بێت. بۆ ئەم مەبەستەش رێنمایی دراوەتە وەزارەتەکانی نەوت، کارەبا و پەیوەندییەکان بۆ ئەوەی ئەولەوییەت بە کۆمپانیا باوەڕپێکراوەکانی ئەمریکا بدەن.
لە رووی ئابووری و وزەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاری گرنگی داوە بۆ پێدانی پڕۆژەی نەوتی بە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک شیڤرۆن، هالیبێرتۆن و کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن (HKN)، هاوکات لە کەرتی پەیوەندییەکانیشدا هەماهەنگیی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیای 'ستارلینک' دەست پێ دەکات.
هەروەها باسی لە دامەزراندنی سندووقی وزە و گەشەپێدان کرد بە دابینکردنی داهاتی 500 هەزار تاوەکوو دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی سێ دەیەی داهاتوودا قەبارەی ئەم سندووقە بگاتە 400 ملیار دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی وڵات.
ئەوەشی خستەروو، لەم چوارچێوەیەدا عێراق دەیەوێت لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ حەوت ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بکاتەوە و داوای پشکێکی دادپەروەرانە لە رێکخراوی ئۆپێک دەکات.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و گرووپە چەکدارەکان، زەیدی دووپاتی کردەوە، گفتوگۆی قووڵیان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان کردووە و پێیان راگەیاندوون، دەوڵەت چوارچێوەی کۆکەرەوەی هەمووانە و نابێت هیچ چەکێک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا هەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ رێکخستنی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بە ناوی "کۆنگرەی سەروەری"، بۆ جەختکردنەوە لەوەی بڕیار بەدەست عێراقییەکان خۆیانە و وڵاتەکە خاڵییە لە هێزی بیانی و چەکی دەرەوەی یاسا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد و گوتی، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ئێران هەیە لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش. ئامادەیی بەغداشی نیشان دا بۆ میوانداریکردنی هەر گفتوگۆیەک ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە، لە نێویاندا گفتوگۆی ئەمریکا و ئێران. هاوکات رەتیکردەوە، هیچ هێرشێک لە خاکی عێراقەوە کرابێتە سەر عەرەبستانی سعوودیە.
سەبارەت بە تەواوکردنی کابینەکەی و دۆخی ناوخۆ، زەیدی بەڵێنی دا لە ماوەی دوو هەفتەدا پۆستە بەتاڵەکانی کابینەی حکوومەت پڕ بکاتەوە. هەروەها ئاشکرای کرد، کار دەکەن بۆ ئامادەکردن و دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی بەسەر هاووڵاتییاندا.
زەیدی راشیگەیاند، بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیش، لیژنەیەکی ناوەندی پێکهێنراوە بۆ پێداچوونەوە بەو گرێبەستانەی بەهاکەیان لە 25 ملیار دینار زیاترە، پڕۆژەیاسایەکیش رەوانەی پەرلەمان کراوە بۆ دامەزراندنی دەستەیەکی نوێی چاودێری و وردبینی لە هەموو وەزارەتەکاندا پێش خەرجکردنی پارە.