بەحرەین سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر خاکەکەی دەکات

وەزارەتی دەرەوەی شانشینی بەحرەین، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە رێگەی چەند درۆنێکی ئێرانییەوە کرایە سەر خاکەکەی.

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین رایگەیاند؛ ئەم بەئامانجگرتنە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری وڵات، هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتیان و نیشتەجێبووان، و پێشێلکردنی هەموو ئەو نەریت و پەیماننامە نێودەوڵەتییانەیە کە بەئامانجگرتنی شوێنە مەدەنییەکان و ترساندنی خەڵکی سڤیل قەدەخە دەکەن.

لە بەیاننامەکەدا ئاژانسی هەواڵی بەحرەین (بنا) بڵاویکردۆتەوە، هاتووە: "لە کاتێکدا هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەرەو هێورکردنەوەی دۆخەکە دەچن، بەردەوامی دەستدرێژییەکانی دەسەڵاتی ئێران تەنیا تاران بەرپرسیار دەکات لە تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی. ئەمە دەریدەخات کە سیاسەتی ئەو وڵاتە لەسەر بنەمای تێکدانی ئاسایش و بڵاوکردنەوەی پشێوی لە ناوچەکەدا دامزراوە."

وەزارەتەکە جەختی لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی کردەوە، ئاشتی بە ترساندن بونیاد نانرێت و ئاسایش بە دەستدرێژی بەدەست نایەت، هەروەها ئیرادەی بەحرەین لە هەموو هەڕەشەیەک بەهێزترە و یەکڕیزی نیشتمانی رێگرە لەبەردەم هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی وڵات.

وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بە بڕیاری ژمارە 2817 ساڵی 2026ـی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، بە پشتگیری 136 دەوڵەت پەسەند کرابوو. هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی ئێران بەگوێرەی یاداشتی لێکگەیشتنی ئیسلام ئاباد کە لە 17ـی حوزەیرانی 2026 واژۆ کراوە، بەڵێنی راگرتنی کردەوە سەربازییەکانی دابوو، بەڵام ئەم هێرشە ناپاکانەیە بێڕێزی ئێران بەرامبەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەڵێنەکانی خۆی دەسەلمێنێت.

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین جەختی کردەوە، وڵاتەکەی "تەواوی مافی رەوای خۆی هەیە بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری خۆی بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان." هەروەها داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد بەرپرسیارێتی خۆی هەڵبگرێت لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان و لێپرسینەوە لە دەستدرێژیکار بکات.