تورکیا هەڵمەتی ئەمنی پێش بەڕێوەچوونی لووتکەی ناتۆی چڕکردووەتەوە
لە چوارچێوەی ئامادەکارییە ئەمنییەکانی پێش دەستپێکردنی لووتکەی هاپەیمانی ناتۆ لە تورکیا، تا ئێستا لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا 178 کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەستگیرکراون.
شەممە 27ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی ئەنادۆڵو لەسەر بنەمای زانیاریی راگەیەندراوێکی نووسینگەی داواکاریی گشتیی ئەنقەرە بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە دەستگیرکراون، گەیشتووەتە 178 کەس، ئاشکراشیکردووە، چڕکردنەوەی هەڵمەتەکان لە چوارچێوەی پلانی ئەمنی ئامادەکارییەکانە بۆ میوانداری لووتکەی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، کە بڕیارە لە ئەنقەرەی پایتەخت بەڕێوەبچێت.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن لە هەفتەی رابردوودا لە چوارچێوەی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بووە، نووسینگەی داواکاریی گشتیی ئەنقەرە ئاماژەیداوە، لە کۆی 225 گومانلێکراوی دەستگیرکراو، 178 کەسیان بە فەرمی تۆمەتی تیرۆریان بەسەردا ساخ بووەتەوە، تەنیا 34 کەسی بە فەرمان و بڕیاری دادوەر ئازادکراون.
کۆمەڵەی توێژینەوەکانی راگەیاندن و یاسا (MLSA)ئاشکرای کردووە، لەنێو دەستگیرکراوەکاندا رۆژنامەنووس، ئەکادیمی، پارێزەر، ئەندامانای سەندیکاکان، مامۆستا، قوتابی و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەن.
بڕیارە لە هەفتەی یەکەمی مانگی داهاتوو، بە دیاریکراوی لە رۆژانی 7 – 8ـی تەممووزی 2026، لووتکەی هاوپەیمانیی ناتۆ، بە بەشداری 32 سەرکردەی وڵاتان لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت، لەنێویشیاندا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەشداری لووتکەکە دەبێت.