رێژەی هەڵئاوسان لە ئێران گەیشتە نزیک 90%

بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە رۆژی شەممە بڵاوکراونەتەوە، ئاستی هەڵئاوسان لە ئێران لە مانگی حوزەیراندا بەهۆی جەنگی ناوچەکە و سزاکانەوە بازدانێکی گەورەی بەخۆوە بینیوە و گەیشتووەتە 88.6%. ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆراک زیاتر لە دوو هێندە بەرز ببێتەوە و باری بژێوی هاووڵاتییان بگاتە قۆناخێکی مەترسیدار.

شەممە 27ـی حوزەیرانی 2026، ناوەندی ئاماری ئێران لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا رایگەیاند، لە 22ـی ئایارەوە تا 21ـی حوزەیران دەگرێتەوە، نرخی خۆراک لە سەرانسەری وڵات بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. بەپێی داتاکان، نرخی نان و دانەوێڵە بە رێژەی 138.8% بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا نرخی شیرەمەنی، پەنیر و هێلکە گەیشتووەتە 151.9%.

ئامارەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە گرانبوونی گۆشتی سوور و مریشک گەورەترین باری گرانی بۆ خێزانە ئێرانییەکان دروست کردووە، چونکە نرخەکانیان بە رێژەی 178.2% بەرز بووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران، رێژەی هەڵئاوسان لە مانگی شوباتدا 68% بوو.

ئەم وەرچەرخانە توندە لە ئابووریی ئێراندا نیشانەی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی جەنگ و سزاکانە لەسەر ژێرخانی دارایی وڵاتەکە. بۆ بەراوردکاری، لە کانوونی یەکەمی 2025دا، کاتێک خۆپیشاندانی بەرفراوان دژی گرانی لە ئێران سەری هەڵدا، ئاستی هەڵئاوسانی ساڵانە 52.6% بوو، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە.