یەکێتی ئەوروپا وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ دەداتەوە

کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و جەختی کردەوە، یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام مافی سەروەریی تەواویان هەیە بۆ رێکخستنی چالاکییە ئابوورییەکانیان.

شەممە 27ـی حوزەیرانی 2026، یەکێتی ئەوروپا لە وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە مافی خۆیانە بۆ رێکخستنەوەی سیستەم و چالاکییە دارایی و ئابوورییەکانیان هەر هەنگاوێک بنێن، ئەم هەڵوێستەی برۆکسل دوای ئەوە دێت، ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی باجی جومرگیی 100%ی کردبوو بۆ سەر هاوردەی ئەو وڵاتانەی کە باج دەخەنە سەر خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان و کۆمپانیا تەکنەلۆژییە ئەمریکییەکان دەکەنە ئامانج.

کۆمیسیۆنی ئەوروپا جەختی لەوەکردووەتەوە، هەر باجێک لەم بوارەدا بسەپێنرێت "دوورە لە هەر جۆرە جیاکارییەک و بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر هەموو کۆمپانیا گەورەکاندا جێبەجێ دەکرێت، بێ رەچاوکردنی وڵاتی بنەڕەتیی کۆمپانیاکە."

کۆمیسیۆنەکە هۆشداریشی دا، یەکێتی ئەوروپا بە خێرایی وەڵامی هەر رێکارێکی تاکلایەنە و بێ پاساو دەداتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرگایان کراوەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی جیهانی لە چوارچێوەی ئەو بنەمایانەی کە لە گرووپی حەوت (G7)دا لەسەری رێککەوتوون.

ئەم پەرەسەندنە نوێیە نیشانەی توندبوونی ململانێ بازرگانییەکانی نێوان واشنتن و برۆکسلە، کە تیایدا هەردوولا جەخت لە پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیان دەکەنەوە لە جەنگی باجە دیجیتاڵییەکاندا.