بەریتانیا پلانێکی نوێی بۆ کۆتاییهێنان بە کۆچی نایاسایی رادەگەیەنێت
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا پلانێکی نوێی سنوورداری هاوشێوەی مۆدێلی کەنەدی راگەیاند، کە رێگە بە زانکۆ و کۆمپانیاکان دەدات سپۆنسەری یاسایی پەنابەران بکەن بە ئامانجی کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی؛ هاوکات پڕۆژەکە پێناسەی خێزانی بۆ پەنابەران توندتر کردووەتەوە و رووبەڕووی رەخنەی توندی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵاتەکە بووەتەوە.
شەممە 27ی حوزەیرانی 2026، شەبانە مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، پلانێکی نوێ و "سنووردار"ی بۆ کردنەوەی رێگەی یاسایی و سەلامەت بۆ پەنابەران راگەیاند. بەپێی ئەم پڕۆژەیە کە لە مۆدێلی وڵاتی کەنەداوە وەرگیراوە، رێگە بە زانکۆکان، کۆمپانیاکان و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان دەدرێت سپۆنسەری ئەو پەنابەرانە بکەن کە داوای مافی پەنابەرییان کردووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان و رێگری لە کۆچی نایاسایی.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاشکرای کرد کە لە کۆتایی ئەمساڵەوە دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی سیستەمێکی نوێی پەنابەری. لەم سیستەمەدا، رێگە بە زانکۆ جێی متمانەکان و گرووپە مەدەنی و ئایینییەکانی وەک کەنیسەکان دەدرێت کە پەنابەران بگرنە خۆیان و هاوکارییان بکەن لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و دۆزینەوەی هەلی کار. ئەم هەنگاوە دوای سەرکەوتنی مۆدێلێکی هاوشێوە دێت لە کەنەدا، کە تێیدا 70%ـی ئەو پەنابەرانەی سپۆنسەریان هەبووە، توانیویانە لە ماوەی ساڵێکدا کار بدۆزنەوە.
وەزیری ناوخۆ، رایگەیاند، ئامانجیان پاراستنی پەنابەرە راستەقینەکانە و داخستنی ئەو رێگەیانەیە کە بۆ خراپبەکارهێنانی سیستەمەکە دەگیرێنە بەر؛ جەختی کردەوە، ئەم پڕۆژەیاسایە پێش هەڵکشانی ئاندی بێرنام بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ئامادە کراوە، تاوەکو متمانەی گشتی بۆ سیستەمی پەنابەری بگەڕێنرێتەوە.
بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ سپۆنسەرکردن لە رێگەی زانکۆکانەوە بکرێتەوە و یەکەم کاروانی ئەو پەنابەرانە لە ساڵی 2027 بگەنە بەریتانیا. هەروەها رێگەی ڤیزای کار بۆ پەنابەران لە ساڵی داهاتوودا دەکرێتەوە کە رێگە بە خاوەنکاران دەدات سپۆنسەری هێزی کار لە نێو پەنابەراندا بکەن.
ئەم پلانە نوێیە کاردانەوەی توندی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی لێکەوتووەتەوە. کریس فیلپ، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی سێبەر (پارتی پارێزگاران)، پێی وایە ئەمە رێگری لە هاتنی بەلەمی بچووک ناکات. زیا یوسف، گوتەبێژی پارتی "ریفۆرم یو کەی"یش رایگەیاند کە ئەم پلانە لە بەرنامەی هەڵبژاردنی پارتی کرێکاراندا نەبووە و ئەگەر بێنە سەر دەسەڵات، هەڵیدەوەشێننەوە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، سەرەڕای فشارەکان، بەریتانیا لە رێککەوتنامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا (ECHR) نامێنێتەوە، بەڵام پێناسەی خێزان بۆ پەنابەران توندتر دەکەنەوە و تەنیا "ئەندامانی پلە یەکی خێزان" دەگرێتەوە. هەروەها گۆڕانکاری لە یاسای نوێدا دەکەن بۆ ئەوەی رێگری بکەن لەو کەسانەی بە بەڵگەنامەی ساختە یان دوای وەرگرتنی سزای زیندانی، داوای پاراستن دەکەن.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان، رێژەی کۆچی نایاسایی لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە رێژەی 37% دابەزیوە، بەڵام حکوومەت هێشتا لە ژێر فشاردایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ پرسی نیشتەجێکردنی پەنابەران لە هۆتێلەکاندا.