بەغدا.. خۆپیشاندان دژی یاسای باری کەسیی بەڕێوەچوو

گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا، بووە مەیدانی هاواری دایکان و چالاکوانانی مەدەنی کە دژ بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی وەستانەوە. ناڕەزایەتییەکان بە پلەی یەکەم لەسەر پرسی مافی سەرپشککردنی منداڵ و تەمەنی هاوسەرگیرییە، کە بە بڕوای ئامادەبووان، نەک هەر مافی ژنان و منداڵان پێشێل دەکات، بەڵکو کۆمەڵگەی عێراقی بەرەو لێکترازان و تائیفیەت دەبات.

بە بەشداریی ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دایکان، گردبوونەوەیەکی فراوان لە بەغدا بەڕێوەچوو. خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی (93 و 17) دەکەن، کە پەیوەندیدارن بە یاسای باری کەسیی . تەوەری سەرەکیی نیگەرانییەکان پرسی سەرپەرشتیکردنی منداڵە لە کاتی جیابوونەوەی دایک و باوکدا؛ دایکان داوا دەکەن ماف بدرێتە منداڵ تا تەمەنی یاسایی (18 ساڵ) خۆی بڕیار بدات لای کامیان دەمێنێتەوە.

عەلییا کازم، یەکێک لە دایکە بەشداربووەکان لە خۆپیشاندانەکان، بە کوردستان24ی گوت: بڕیاری 93 لەگەڵ بنەماکانی شەریعەت یەکناگرێتەوە، چونکە تەمەنی پێگەیشتنی بە 18 ساڵ داناوە، لە کاتێکدا لە فیقهی ئایینیدا تەمەنی باڵغبوون بۆ کچ 9 ساڵ و بۆ کوڕ 14 ساڵ دیاریکراوە. هاوکات، سوها مەعمووری، دایکێکی دیکەی نیگەران، باسی لە دۆخی دەروونیی منداڵەکانی کرد و گوتی: "کچی 12 ساڵانم هەیە و دەڵێت ئەگەر بە زۆر بمبەن بۆ لای باوکم، خۆم دەکوژم."

ئەنسام بەدری، چالاکوانی مەدەنی، رەخنەی لەوە گرت کە یاساکە بە شێوەی پاشەکشە بەسەر ئەو گرێبەستە کۆنانەشدا جێبەجێ دەکرێت کە پێشتر کۆتاییان هاتووە، ئەمەش جۆرێک لە جیاکاری و باری دەروونیی قورس بۆ خێزانەکان دروست دەکات. تەنانەت هەندێک لە پیاوانی ئایینی شیعەش وەک عەلا ئیبراهیم، بەشداریی گردبوونەوەکەیان کرد و رەخنەیان لە دیاریکردنی تەمەنی 18 ساڵ گرت بۆ مافی هەڵبژاردنی منداڵ.

یاسای باری کەسیی چییە و بۆچی جێگەی مشتومڕە؟

ئەم یاسایە پڕۆژەیەکە بۆ رێکخستنی کاروباری خێزانی (هاوسەرگیری، تەڵاق، میرات و سەرپەرشتیکردنی منداڵ) تایبەت بە پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە. خاڵە جەوهەرییەکانی جیاوازی لەگەڵ یاسای ساڵی 1959 بریتین لە:

1. تەمەنی هاوسەرگیری: لە یاسای کۆندا 18 ساڵە، بەڵام لە پڕۆژە نوێیەکەدا "تەمەنی باڵغبوون"ە، کە رێگەخۆشکەرە بۆ هاوسەرگیریی پێشوەختە (منداڵان).

2. دەسەڵاتی دادوەری: بەشێک لە دەسەڵاتی دادوەرە مەدەنییەکان دەگوازێتەوە بۆ پیاوانی ئایینی و نووسینگەی مەرجەعیەتەکان.

داکۆکیکاران لەم یاسایە پێیان وایە ئەمە مافێکی دەستوورییە و هەر پێکهاتەیەک بۆی هەیە بەپێی بیروباوەڕی خۆی باری کەسیی رێکبخات. بەڵام دژبەران هۆشداری دەدەن کە ئەم هەنگاوە دادوەری مەدەنی لاواز دەکات و مافە سەرەتاییەکانی ژنان و منداڵان دەخاتە ژێر چەترێکی مەزهەبییەوە کە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا ناگونجێت. شارەزایانی یاسایی دەڵێن، گۆڕینی ئەم بڕیارانە تەنیا لە رێگەی پەرلەمان و دەنگدانەوەی سەرلەنوێ ئەنجام دەدرێت.