کاتز: رێککەوتنی لوبنان زیانێکی گەورەبوو بۆ ئێران

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو رێککەوتنەی لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا واژۆ کراوە، گورزێکی گەورەی لە ئێران دا، هاوکات جەختی لەوەش کردەوە، هێشتا چەندین ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدا هەن.

شەممە 27ـی حوزەیرانی 2026، یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "ئەو رێککەوتنەی رۆژی هەینی لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و لوبناندا واژۆ کرا، رووداوێکی مێژوویی و دەستکەوتێکی سیاسی و ئەمنیی گرنگە بۆ ئیسرائیل، گوتیشی،"ئەم هەنگاوە دەتوانێت بۆ یەکەمجار لە دوای چەندین دەیەوە، واقیعێکی نوێ و ئارامتر لەسەر سنوورە باکوورییەکان بهێنێتە ئاراوە و ئاسایشی هاوڵاتیانی ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دابین بکات."

وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختی کردەوە، رێککەوتنەکە گورزێکی ستراتیژییە لە ئێران دراوە و گوتی: "ئێران هەوڵی دا لە رێگەی فشار و هەڕەشە لەسەر ئەمریکا، ئیسرائیل ناچار بە کشانەوە لە لوبنان بکات، بەڵام شکست هێنا." هۆشداریشی دا ئەگەر تاران هێرش بکات بۆ رێگریکردن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، بە هێزێکی زۆرەوە رووبەڕوویان دەبینەوە و جیاوازیی هێزی خۆمانیان پیشان دەدەین.

کاتز روونیکردەوە، ئیسرائیل لە لوبنان ناکشێتەوە و پارێزگاری لە "ناوچەی ئەمنی" لە باشووری لوبنان دەکات، لەوانەش بەرزاییەکانی بۆفۆر، کە دەبێت ناوچەکە خاڵی بێت لە دانیشتوان و ژێرخانی سەربازیی سەر زەوی و ژێر زەوی، بۆ ئەوەی سوپای ئیسرائیل ئازادیی تەواوی هەبێت بۆ رێگری لە هەر هەڕەشەیەک دژی دانیشتوانی باکوور.

وزەیری بەرگریی ئیسرائیل گوتیشی: "مەرجی سەرەکی کە بنیامین ناتانیاهۆ و من بەڵێنمان لەسەر داوە ئەوەیە، هیچ جۆرە کشانەوەیەک لە باشووری لوبنان روونادات تا ئەو کاتەی حزبوڵڵا لە تەواوی لوبناندا چەک نەکرێت و ئاسایشی دانیشتوانی باکوور دابین نەکرێت."

کاتز ئاماژەی بەوەش کرد، چوارچێوەی رێککەوتنەکە حزبوڵڵا پابەند دەکات بە داماڵینی چەک لە تەواوی وڵاتەکەدا، بەوەش داهاتووی لوبنان چیتر لەلایەن ئێران و حزبوڵڵاوە دیاری ناکرێت، لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، تاقیکردنەوەی راستەقینە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدایە و فەرمانیان بە سوپا کردووە بۆ مانەوەیەکی درێژخایەن لە ناوچە ئەمنییەکەدا ئامادە بن.