شێخ مادح بیارە بۆ مەسرور بارزانی: ئەم هەوڵە ترسنۆکانە ئیرادەی گەلی کورد بەهێزتر و یەکگرتووتر دەکات

دکتۆر شێخ مادح شێخ عوسمان نەقشبەندی بیارە، سەرپەرشتیاری مەدرەسە و خانەقاکانی حەزرەتی شێخ عوسمان سراجەدینی بیارە لە کوردستان و جیهان، لە شاری لەندەنەوە نامەیەکی هاوسۆزی و ئیدانەکردنی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، لە نامەکەیدا، شێخ مادح بیارە بەتوندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکوومەت و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کرد و رایگەیاند "ئەم کارە هەنگاوێکی مەترسیدار و پەلاماردانێکی ئاشکرایە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت."

شێخ مادح بیارە جەختی کردەوە کە هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئەمن و ئاسایشی هەرێم و لاوازکردنی پێگەکەی بە توندی رەت دەکەنەوە و ئاماژەی بەوە دا "ئەمە یەکەمین جاری دوژمنان نییە، بەڵکو لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانیی نەمرەوە تا دەکاتە ئەمڕۆ، ئەم هەوڵە ترسنۆکانە بەردەوام بوون، بەڵام هیچ کات سەرکەوتوو نەبوون."

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتوو "ئەم هەوڵە ترسنۆکانە نەک ئیرادە و متمانەی گەلی کورد کەم ناکەنەوە، بەڵکو بەرەو یەکگرتوویی زیاتری دەبەن، هەروەها ئەم هێرشە ناڕەوایانە هەرگیز نابنە هۆی وەستانی کاروانی ئاوەدانی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان."

لە کۆتایی نامەکەیدا، سەرپەرشتیاری خانەقاکانی حەزرەتی شێخ عوسمانی بیارە، هیوای سەربەرزی و سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ مەسرور بارزانی خواست لە خزمەتکردنی کورد و کوردستاندا.