سوپای پاسداران هێرشکردنە سەر کوەیت و بەحرەینی راگەیاند
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی ئێران، چەند هێرشێکی کردووەتە سەر کوەیت و بەحرەین. هاوکات هۆشداری دا، هەر دەستدرێژییەکی نوێی ئەمریکا بە وەڵامێکی توند رووبەڕوو دەبێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، لە بەیاننامەیەکدا، سوپای پاسداران ئاشکرای کرد، "هەشت شوێن و ژێرخانی گرنگی سوپای ئەمریکایان لە بنکەی (عەلی سالم لە کوەیت و هێزی دەریایی پێنجەم) لە بەندەری سەلمان لە بەحرەین کردووەتە ئامانج و لەناویان بردوون."
سوپای پاسداران جەختی کردەوە، هەر هێرشێکی نوێ بە هەر پاساوێک بێت، تەنانەت ئەگەر بۆ سەر ئامانجی ناگرنگیش بێت، بە توندی وەڵام دەدرێتەوە.
ئێران و ئەمریکا یەکتری بە پێشێلکردنی ئەو یاداشتنامەیە تۆمەتبار دەکەن کە هەفتەی رابردوو لە نێوانیاندا واژۆ کراوە. بەگوێرەی یاداشتنامەکە، پێویستە ئێران رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، بەگوێرەی "یاداشتنامەی ئیسلام ئاباد"، رێکخستن و چاودێریکردنی هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز لە ئەستۆی ئێراندایە، و رایگەیاند؛ لەمەودوا بە توندتر لە جاران رووبەڕووی کەشتییە سەرپێچیکارەکان دەبنەوە.
هەروەها هۆشداری داوە هەر کەشتییەک بیەوێت لەو رێڕەوە ئاوییە تێپەڕێت، دەبێت مۆڵەت لە ئێران وەربگرێت و بەو رێگایەدا بڕوات کە بۆی دیاری دەکرێت، بە پێچەوانەوە رێکاری گونجاویان لەدژ دەگیرێتەبەر.