ترەمپ: ئێران لەسەر نەخشە دەسڕمەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، توندترین هۆشداری ئاڕاستەی تاران کرد و رایگەیاند؛ ئەگەر وڵاتەکەی ناچار بێت جەنگ دەستپێبکاتەوە، ئەوا "کۆماری ئیسلامی ئێران لە بووندا نامێنێت".
دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی (ترووس سۆشیاڵ)ەوە تاران بە پێشێلکردنی رێککەوتنی وەستانی جەنگ تۆمەتبار کرد و نووسیویەتی: "رەنگە بگەینە خاڵێک کە چیتر نەتوانین بە عەقڵانی مامەڵە بکەین، ئەگەر ئەوە روو بدات، کۆماری ئیسلامی ئێران لە وجوددا نامێنێت."
رۆژی شەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان چەندین پێگەی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران بۆردومان کردووە. هێرشەکان کۆگاکانی مووشەک،درۆنەکان و وێستگەکانی راداری کەناراوەکانیان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی سێنتکۆم، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ بە ئامانج گرتنی کەشتیی نەوتهەڵگری "کیکۆ" لەلایەن ئێرانەوە لە نزیک گەرووی هورمز، کە 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتبوو.