فوئاد حوسێن: سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا لە کاتێکی گرنگدایە

فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق

وەزیری دەرەوەی عێراق، پێشوازی لە عەباس عێراقی، وەزیری دەرەوەی ئێران کرد. وەزیری دەرەوەی عێراق تیشکی خستە سەر گرنگیی ئەم سەردانە و دواین گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026،  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند، ئەم سەردانە جیاوازە لە سەردانەکانی پێشوو، چونکە لە دوای دوو رووداوی گرنگ دێت، یەکەمیان واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران لە سویسرا و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق. وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کاتە گونجاوە کۆمەڵێک تایبەتمەندی ئەرێنی بە سەردانەکە دەبەخشێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە قوڵیی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران کردەوە و گوتی: "پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران مێژوویی، ئابووری، فەرهەنگی و ستراتیژین." هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕی کە وڵاتی ئێران وەک دراوسێیەکی گرنگ رووبەڕووی جەنگ و هێرش بووەتەوە، لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەندێک شوێنی گەرووی هورمز بەردەوامییان هەیە.

سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند: عێراق بە هەموو شێوەیەک جەنگ و پێشێلکاری دژ بە سەروەری دەوڵەتان رەتدەکاتەوە. بەهۆی ئەوەی عێراق بۆ چەندین دەیە ململانێ و شەڕی ناوخۆیی بینیوە، ئێستا بنەمای سیاسەتی وڵاتەکە لەسەر گفتوگۆ و دانوستان چەسپاوە.

وەزیری دەرەوە ئاماژەی بە رۆڵی کاریگەری عێراق کرد لە رابردوودا بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی و لێکنزیکردنەوەی هەڵوێستەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە بووەتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە کارلێکی ئەرێنی لەنێوان هەردوولادا.

دەشڵێت: ئێمە هەموو هەوڵێکمان ئەوەبوو بنەچەکانی دانووستانی نیوان هەردوولا دابنێین، بەداخەوە دۆخەکە گەیشتە جەنگ و ئێمە دژی جەنگ بووین، بەڵام بەم دۆخەی ئێستا گەیشتین، لە دیدارەکەماندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران باسمان لە کۆمەڵێک پرس کرد، دەموێت سوپاسی بکەم، چونکە ئەو هەمیشە لە پەیوەندی بەردەوامدا بووە لەگەڵ من، هەمیشە من و حکوومەتی عێراقی لە دانووستانەکان و دوا پێشهاتەکان و جەنگ لە ناوچەکە ئاگادار کردووەتەوە.

هەروا گوتیشی: ئێستاش بە هەمان شێوە باسی وردەکاری ئەو دانووستانانەی کرد کە لە سویسرا بەڕێوە دەچن و باسی لە لایەنەکانی ئەمریکا کرد هەروەها تاوتوێی پەیوەندی دووقۆڵیمان کرد، ئەمڕۆش بەردەوام دەبین لە کەنگەشە و دانووستانی دوو قۆڵی. وەک دەزانن جەنگی ناوچەکە قوربانی مرۆیی زۆری لێکەتووەتەوە لە زۆربەی وڵاتان، بەتایبەتیش عێراق، عێراق رووبەڕووی هێرش بووەتەوە لە چەند لایەنێکدا، لە بەسرا، موسڵ، ئەنبار و هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشدا، عێراقیش بەهەمان شێوە دووچاری دۆخێکی سەخەت بووەوە بەتایبەتی لەوەی کە پەیوەستە بە هەناردەی نەوت، چونکە جەنگ لە ناوچەکەدا و داخستنی گەرووی هورمز هۆکار بوو بۆ وەستانی هەناردەی نەوتی عێراق. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە کاریگەری لەسەر دۆخەی دارایی و ئابووریی حکوومەتی عێراق دروست بکات.