ئەڵمانیا.. یەکەمین کۆنگرەی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی زمانی کوردی بەڕێوەچوو
کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە هەنگاوێکی مێژووییدا و بە سەرپەرشتی شیفا بارزانی، یەکەمین کۆنگرەی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی زمانی کوردی لە شاری دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا رێکخست.
بەشداربووان جەخت لەسەر ستانداردکردنی زمان و پاراستنی ناسنامەی کوردی لە تاراوگە دەکەنەوە.
هەزاران کیلۆمەتر دوور لە نیشتمان و لە ناو جەرگەی ئەوروپا، یەکەمین کۆنگرەی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی زمانی کوردی لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. زۆربەی بەشداربووان کە سەدان کیلۆمەتریان بڕیبوو بۆ گەیشتن بەم کۆنگرەیە، ئەم هەنگاوە بە وەرچەرخانێکی گرنگ بۆ پاراستنی زمانی کوردی لە قەڵەم دەدەن.
گریان فەیرۆز، ئەندامی کۆنگرە لەبارەی گرنگیی ئەم کۆبوونەوەیە بە کوردستان24ی راگەیاند: "دەمێکە و بۆ ماوەی چەندین ساڵە لە چاوەڕوانی کۆنگرەیەکی لەم شێوەیەدا بووین. هیوادارین ئەم کۆنگرەیە ببێتە یەکەم هەنگاو و دەسپێک بەرەو ستانداردکردنی زمانی کوردی و هیوادارم پێش هەر شتێک ئەم ئامانجە بپێکین."
بەشێکی دیکە لە ئامادەبووان، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی لەم پڕۆژە نەتەوەییە. گوڵستان ئاواز، ئەندامی کۆنگرە گوتی: "ئامانجی سەرەکیمان پێشخستن، فێرکردن و پاراستنی زمانی کوردییە. ئێمە گەلێک خۆشحاڵین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پشتگیریی ئەم خەباتە دەکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین."
لەلایەکی دیکەوە، نەجاح هێڤۆ، سەرۆکی هەڤپەیڤینی ژنانی کورد لە سووریا، ئاماژەی بەوە کرد کە پاراستنی زمان ئەرکێکی نەتەوەییە و گوتی: "ئەمڕۆ کورد گەلێک پێویستی بەمەیە، رەوشی سیاسیی کورد پێویستی بەوەیە کە ئێمە خاوەندارێتی لە دۆزی نەتەوەیی خۆمان بکەین. زمان ناسنامەیەکی گەلێک سەرەکییە، بۆیە پاراستنی زمان بۆ گەنج و منداڵەکانمان لە دیاسپۆرا ئەرکێکی گەلێک گرنگە."
یەکەمین کۆنگرەی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی زمانی کوردی کە لە شاری دۆسڵدۆرف دەستی پێکردبوو، دوای هەشت کاتژمێر لە کاری بەردەوام کۆتایی بە کارەکانی هێنا.