بەهۆی دانپێدانانی بریکاری وەزارەتی نەوت ژمارەیەک تۆمەتبار دەستگیرکران

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا رایگەیاند، ژمارەیەک کەس کە تۆمەتبارن بە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیرکراون، گوتیشی، ئەم دەستگیرکردنە بە پشتبەستن بە دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی بریکاری وەزیری نەوت بووە.

ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی 'واع'ـی راگەیاندووە، "ژمارەیەک کەسی تۆمەتبار بە دۆسیەی گەندەڵی لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی بریکاری وەزیری نەوت دەستگیرکراون"، ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو پەرلەمانتارانەی پارێزبەندیان لەسەر هەڵگیراوە دەستگیرکراون لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی ناویان لەو دانپێدانانەی جومەیلی هاتووە".
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشی کردووە "عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق درێغی ناکات لە راوەدوونانی ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون لە گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی سامانی دەوڵەت".

کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دژەتیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی لە ناوچەی سەوز دەستپێکرد و ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتار و سەرۆک حزبان دەستگیرکرد.

هەفتەی رابردوو دەسەڵاتی دادوەری عێراق ئاشکرای کرد، دەستیان بەسەر بڕی زیاتر لە 85 ملیۆن دۆلاردا گرتووە. بەشێکی زۆری ئەم پارانە بە شێوەی نەختینە لەناو ماڵەکان و لەناو چاڵدا لە قووڵایی چوار مەتر لەژێر زەویدا شاردرابوونەوە.

کۆی گشتی ئەو پارانەی لەم دۆسیەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە:

زیاتر لە 98 ملیار دیناری عێراقی.

11 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

دەستبەسەرداگرتنی 70 خانوو و زەوی و 21 ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز.

بڕی 3 کیلۆگرام زێڕ.

لە ئەنجامی دانپێدانانەکاندا، رائید جبوری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سەڵاحەدین-یش دەستگیرکراوە. ئەم دۆسیەیە یەکێکە لە گەورەترین دۆسیەکانی گەندەڵی کە لەم دواییانەدا ئاشکرا کراوە و حکوومەتی نوێش جەخت لەسەر بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکاتەوە.