بەشێک لە نووسراوەکانی دۆسیەی گیراوانی لالەزار نەنێردراونەتە دادگای تێهەڵچوونەوە
تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار بەدواداچوونی چڕ بۆ خێراترکردنی رێکارە یاساییەکانی تایبەت بە دۆسیەکانیان دەکەن، هاوکات بەپێی چەند بەڵگەنامەیەکی فەرمی، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاری داواکردنی چەندین دۆسیەی تایبەت بەو تۆمەتبارانەی دەرکردووە بە مەبەستی وردبینی کێشەکان.
تیمی پارێزەرانی گیراوانی لالەزار بە بە کوردستان24 یان راگەیاند، بە مەبەستی خێراترکردنی رێکارە یاساییەکان سەردانی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانیان کردووە، لە بەرانبەردا، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە بە تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزاری راگەیاندووە کە ئەو دۆسیەیەی گەیشتووەتە دەست دادگای تێهەڵچوونەوە، ئەو نووسراوانەی تێدا نییە کە لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمەوە هێنراون بۆ ناردنی دۆسیەکە.
لەبەر ئەو هۆکارە، دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی نووسراوێکی ئاراستەی دادگای تاوانەکانی 2ـی لە سلێمانی کردووە و داوای ناردنی سەرجەم نووسراوەکانی کردووە، لای خۆشیانەوە تیمی پارێزەران جەختیان کردووەتەوە کە سەرجەم نووسراوەکانیان لە دادگای پێداچوونەوەوە هێناوە و رادەستی دادوەریان کردووە.
هاوشانی ئەم پێشهاتانە، بەپێی چەند بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە لە سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان دەرچوون، دادگا چەند بڕیارێکی بۆ رەوانەکردنی دۆسیەکان دەرکردووە.
لە نووسراوێکدا بە ژمارە (255) لە 1ی شوباتی 2026 بە واژۆی سەرۆکی دادگا محەمەد مستەفا مەحموود، جەختکراوەتەوە لەسەر ناردنی گشتیی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە تۆمەتباران لاهور جەنگی بورھان، برایان ویڵسن، دڵشاد عەبدوڵا حەمە، شەرام رەفیق ئەمین، پۆڵاد جەنگی بورھان و هاوڕێکانیان، ئەم داواکارییە لە نووسراوێکی تری دواتریشدا لە 19ـی نیسانی 2026 بە واژۆی عەبدولجەبار عەزیز حەسەن دووپاتکراوەتەوە.
لە نووسراوێکی دیکەدا لە 29ـی نیسانی 2026، دادگای پێداچوونەوە داوای کردووە کە تەواوی دۆسیەی گشتی تایبەت بە تۆمەتباران لاهور جەنگی بورھان و پۆڵاد جەنگی بورھان و هاوڕێکانیان بۆ کاری پێویست رەوانەی بەردەستیان بکرێت.
دواین نووسراوی فەرمی لە 19ـی ئایاری 2026، ئاماژە بە فراوانبوونی لیستی ئەو کەسانە دەکات کە دۆسیەکانیان داواکراوە بۆ پێداچوونەوە، کە تێیدا ناوی چەندین کەسایەتی تر هاتووە، لەوانە:
رێنوارد زریان فەتاح، رێبوار حامید خالید، ئاراس حەمە عەلی، پێشەوا حەسەن خدر، بۆتان مستەفا حوسێن، رێبوار قودرەت، کەیوان حەمەد عەبدوڵڵا، سەربەست مینا حەمەد، رەمەزان حوسێن عەزیز و عومەر شێخە عەبدوڵڵا.
ئەم هەوڵانەی تیمی پارێزەران و نووسراوە فەرمییەکانی دادگای پێداچوونەوە نیشاندەری قۆناخێکی نوێی یاسایین لە بەدواداچوون و پێداچوونەوەی ئەم دۆسیانەدا.
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.