قۆناخی دووەمی پێدانی رەگەزنامە بە کوردانی رۆژئاوای کوردستان دەستپێدەکات
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، دەستکراوە بە جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی مەرسومی ژمارە 13ـی ساڵی 2026، ئەمەش لە رێگەی ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی کارگێڕی و یاسایی لەگەڵ ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە داواکارییان بۆ بەدەستهێنانی رەگەزنامەی سووری پێشکەش کردووە.
یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، عەبدوڵڵا ئەلعەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی باری شارستانی لە سووریا چەند خاڵێکی گرنگی سەبارەت بە پرۆسەی پێدانی رەگەزنامە بە کوردانی رۆژئاوای کوردستان خستە روو:
· مەرسومی ژمارە 13 تەنها ئەو کوردانە دەگرێتەوە کە لە ناو خاکی سووریادا نیشتەجێن و ئەم مەرجەش بنەمای یاساییە بۆ قبوڵکردنی هەر داواکارییەک.
· بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری شارستانی ئەپڵیکەیشنێکی ئەلیکترۆنی بۆ رێکخستنی ناونووسین و دیاریکردنی کاتی چاوپێکەوتنەکان کارا کردووە، کە تیایدا داواکاران بەسەر چەند قۆناخێکدا دابەش کراون بۆ ئەوەی بتوانرێت پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر بکرێت.
· پارێزگای حەسەکە زۆرترین ژمارەی چاوپێکەوتنی تێدا ئەنجام دراوە کە لە رۆژی یەکەمدا گەیشتووەتە نزیکەی 250 کەس، لە کاتێکدا لە پارێزگاکانی دیکە نزیکەی 150 کەس بوون.
· ئامانجی چاوپێکەوتنەکان تەنها دڵنیابوونەوەیە لە دروستیی زانیارییەکان و ئامادەبوونی کەسیی داواکار، بەبێ ئەوەی هیچ مەرجێکی دیکەی زیادە بسەپێنرێت، ئەمەش رێکارێکی باوە لە یاساکانی وەرگرتنی رەگەزنامەدا لەسەر ئاستی جیهان.
بەڕێوەبەری باری شارستانی جەختی کردەوە، ئەم مەرسومە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە کورد نین یان لە دەرەوەی سووریا دەژین.
باس لەوەشکراوە، لە ئێستاشدا داواکارییەکان لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدان بۆ دڵنیابوونەوە لە هەبوونی مەرجەکان، و دوای تەواوبوونی رێکارە کارگێڕییەکان و وردبینی دۆسیەکان، لیستە کۆتایییەکان ئامادە دەکرێن و بە مەبەستی پەسەندکردن و بڵاوکردنەوەی فەرمی رادەگەیەنرێن.