پووتین: هێرشەکانی ئۆکرانیا کێشەی سووتەمەنییان بۆ دروست کردووین

سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، پێشبینی دەکات دوای ئەوەی واشنتن لەگەڵ ئێران لەسەر پرسی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگاتە رێککەوتن، تیمێکی دانوستانکاری ئەمریکی بگەنە مۆسکۆ.

پووتین جەختی کردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆکان و تاوتوێکردنی هەموو وردەکارییەکان لەگەڵ ئەو نوێنەرانەی ئیدارەی ئەمریکا کە پێشتر چەندین جار لە مۆسکۆ چاویان پێیان کەوتووە.

سەبارەت بە پێشنیازێکی ئۆکرانیا بۆ راگرتنی هاوبەشی هێرشە دوورمەوداکان، پووتین گوتی: "ئەمە تەنیا هەوڵێکە بۆ سەرقاڵکردنی رووسیا لە ئامانجە سەرەکییەکەی کە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی چوار ناوچەکەیە (دۆنباس، زاپۆریژیا، خێرسۆن و نوڤۆرۆسیا)."

ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشە دژەبەرهێرشەکانی رووسیا بۆ ناو قوڵایی ئۆکرانیا زۆر بەهێزتر و وێرانکەرترن، بۆیە مۆسکۆ بەنیازی رزگارکردنی دەسەلاتی کیێڤ نییە.

سەرۆکی رووسیا بۆ یەکەمجار دانی بەوەدا نا کە هێرشە بەردەوامەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی، بووەتە هۆی دروستبوونی کەمیی سووتەمەنی، بەڵام گوتی؛ هێشتا دۆخەکە نەگەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار.
ئێستا ئەرکی سەرەکی رووسیا بریتییە لە، دابینکردنی سووتەمەنی بەتایبەت بۆ نیمچەدوورگەی کریمیا.

لە کریمیا باری نائاسایی راگەیەندراوە، فرۆشتنی سووتەمەنی بە هاووڵاتیان سنووردار کراوە و کارەباش بەهۆی هێرشەکانەوە دەبڕدرێت. لە رووی مەیدانییەوە، هێرشە نوێیەکانی رووسیا بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بووەتە هۆی کوژرانی 4 کەس، لە زاپۆریژی، 2 کەس کوژران و 16 کەسی دیکە بریندار بوون، زیانێکی زۆریش بە باڵەخانەکان گەیشتووە. لە خارکیڤ (شارۆچکەی زمیێڤ) کەسێک کوژرا و 8ـی دیکە بریندار بوون کە منداڵیان تێدایە.

جەنگی رووسیا دژ بە ئۆکرانیا لە 24ـی شوباتی 2022ەوەوە دەستی پێکردووە. رووسیا مەرجی کۆتاییهێنان بە جەنگەکەی بەستووەتەوە بەوەی ئۆکرانیا نەچێتە ناو هاوپەیمانییە سەربازییە رۆژئاواییەکان (ناتۆ)، بەڵام کیێڤ ئەمە بە دەستوەردانێکی ناڕەوا لە کاروباری ناوخۆی دەزانێت.