هەولێر و بەغدا رەشنووسێک بۆ لێخۆشبوون و داشکاندنی گومرگی ئامادە دەکەن

فالح ساری، وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان بە وەکالەت، سەرۆکایەتی پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری کرد.

​هاوکات شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی سکرتێری گشتی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکی نوێنەرایەتی هەرێم، بەڕێوەبەرانی گشتی گومرگ و باج و بەدواداچوون، لەگەڵ ژمارەیەک لە پسپۆڕان بەشدارییان لە کۆبوونەوەکە کرد.

​​دوای بیستنی روونکردنەوەکانی تیمی هاوبەشی هەردوولا و پێشنیازەکانی تایبەت بە سیستەمی ئەسیکۆدا و ئەو ئاستەنگانەی دێنە پێش جێبەجێکردنی، ئەنجوومەنەکە چەند بڕیارێکی دا.

​یەکێک لە بڕیارەکان پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەشە بۆ پشکنینی سنوورەکان، واتە لێژنەیەک لە نێوان دەستەی دەروازە سنوورییە فیدراڵییەکان و نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم پێکدەهێنرێت، ئەرکی ئەم لێژنەیە ئەنجامدانی رووپێوی تەواوە بۆ شریتی سنووری و سەردانیکردنی دەروازە و خاڵە سنوورییە نافەرمییەکانی هەرێم، تا راپۆرتێکی تێروتەسەل پێشکەش بە ئەنجوومەنەکە بکەن لەسەر ئەو دەروازانەی مەرجەکانیان تێدایە و ژێرخانیان هەیە بۆ ئەوەی بکرێنە فەرمی، هەروەها داخستنی ئەو دەروازە و خاڵانەی کە شیاو نین.

​هەروەها وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم، رەشنووسێکی یەکگرتوو تایبەت بە لێخۆشبوون و داشکاندنە گومرگییەکان ئامادە دەکات، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە پەسەند دەکرێت و گشتاندنی بۆ دەکرێت بۆ سەرجەم دەروازە سنوورییەکان تا کاری پێبکرێت.

​لە کۆبوونەوکە باس لە بەرزکردنەوەی پێشنیازەکانی هەردوولا بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ سەبارەت بە میکانیزمی کۆکردنەوەی داهاتەکان لە دەروازە سنوورییەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان کرا.