بەشێکی شەقامی 120 مەتری دادەخرێت
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ئاگادارییەک ئاراستەی شۆفێرانی شاری هەولێر دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە، بەشێکی شەقامی 120 مەتری خێرا بە رووی هاتوچۆدا دادەخرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2026، لە کاتژمێر 7:00 بەیانی تاوەکو 6:00ـی ئێوارە، شەقامی 120 مەتری خێرا (ئاراستەی دەرەوە) بە تەواوی دادەخرێت. داخستنەکە لە یەکتربڕی شەقامی گەزنە (بەرزەپردی عەنکاوە) دەستپێدەکات تاوەکو بەردەم فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
هاتووچۆی هەولێر رێگەی جێگرەوەی بۆ شۆفێران دیاریکردووە و داوا دەکات، ئەو شۆفێرانەی لە شەقامی 120 مەترییەوە بە ئاراستەی فڕۆکەخانە دێن، پێویستە لە ژێر بەرزەپردی عەنکاوە (یەکتربڕی گەزنە) ئاراستەی رێڕەوەکەیان بەرەو ناو شار و شەقامی 100 مەتری بگۆڕن، پاشان لە رێگەی شەقامی رەشکینـەوە دووبارە بگەڕێنەوە سەر شەقامی 120مەتری.
ئەم داخستنە کاتییە و تا کۆتاییهاتنی کارەکانی نۆژەنکردنەوە بەردەوام دەبێت، دواتریش شەقامەکە بە ئاسایی بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە.
