قایمقامی رواندز: کارەکانی قۆناخی دووەمی پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان دەستیپێکرد
کارهکانی قۆناخی دووەمی پڕۆژەی ئاوی بێخاڵ بۆ دۆڵی ئاکۆیان کەوتە باری جێبەجێکردنەوە. پڕۆژەکە گوژمەی ملیارێک و 11 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە و بڕیارە ئاوی خواردنەوە بۆ 700 ماڵ و شەش تا حەوت گوندی ناوچەکە دابین بکات.
ئەمرۆ دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند، پڕۆژەی ئاوی بێخاڵ یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژی و گرنگەکان بۆ دۆڵی ئاکۆیان، ئاماژەی بەوەش کرد، قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە، کە راکێشانی هێڵی سەرەکی بوو لە حەوزی سەرەکیی ئاوی رواندزەوە، دوای دوو ساڵ کارکردن بەسەرکەوتوویی تەواو کراوە و ئێستا کارکردن لە قۆناخی دووەم دەستی پێکردووە.
قایمقامی رواندز گوتیشی: وێڕای ئەوەی ماوەی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی پڕۆژەکە شەش مانگە، بەڵام لە هەوڵداندا سەرەڕای ئاستەنگەکانی کەشوهەوای ناوچەکە، پێش وادەی دیاریکراوی خۆی تەواوی بکەن.
پڕۆژەی ئاوی بێخاڵ بە شێوازی جێبەجێکردنی راستەوخۆ و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری سۆرانەوە سەرپەرشتی و جێبەجێ دەکرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئامانج لە پڕۆژەی راکێشانی تۆڕی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان لە سنووری قەزای رواندز، بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و بەدەنگەوەهاتنی داواکاریی دانیشتووانی ناوچەکەیە بۆ دابینکردن و دابەشکردنی ئاوی خواردنەوەی پاک.
وەزارەت ئاماژەی بەوەش داوە، پڕۆژەکە بە مەبەستی ریشەکێشکردنی گرفتی کەمئاوییە لە ناوچەکەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان و دانیشتووانی گوندەکانی دۆڵی ئاکۆیان لێی سوودمەند دەبن.