تەندروستی عێراق: ئەمساڵ 219 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە تا ئێستا 219 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە وڵاتدا تۆمارکراون.

سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، تیمەکانی چاودێریی پەتایی و دامەزراوە تەندروستییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ڤێتێرنەری و چاودێرییەکان، رۆژانە بەدواداچوون بۆ دۆخی پەتاکە لە سەرجەم پارێزگاکاندا دەکەن.

سەیف بەدر ئاماژەی بەوەشدا، لە هەفتەی کۆتایی ئەم مانگە 23 تووشبوونی نوێ و 3 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراون، تووشبووان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بوون:

1- زیقار: 10 تووشبوو، 2 گیانلەدەستدان.

2- واست: 3 تووشبوو، 1 گیانلەدەستدان.

3-میسان: 3 تووشبوو.

4-بەغداد بەری رەسافە: 3 تووشبوو.

 5-دیالە: 2 تووشبوو.

 6-نەینەوا: 1 تووشبوو.

 7-نەجەف: 1 تووشبوو.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە کۆی گشتی تووشبووان گەیشتووەتە 219 حاڵەتی پشتڕاستکراوە و 16 حاڵەتی گیانلەدەستدان، کە بەم شێوەیەیە:

1-زیقار: 101 تووشبوو، 8 گیانلەدەستدان.

2-واست: 12 تووشبوو، 2 گیانلەدەستدان.

 3-بابل: 10 تووشبوو، 2 گیانلەدەستدان.

4-موسەننا: 19 تووشبوو، 1 گیانلەدەستدان.

 5-بەسرە: 19 تووشبوو، 1 گیانلەدەستدان.

6-دیالە: 12 تووشبوو، 1 گیانلەدەستدان.

7-بەغداد بەری کەرخ: 4 تووشبوو، 1 گیانلەدەستدان.

 8-میسان: 17 تووشبوو.

 9-بەغدا بەری رەسافە: 10 تووشبوو.

10-نەینەوا: 8 تووشبوو.

11-سەڵاحەدین: 3 تووشبوو.

 12-کەرکوک: 3 تووشبوو.

 13-کەربەلا: 2 تووشبوو.

14-هەولێر: 2 تووشبوو.

15-سلێمانی: 2 تووشبوو.

16- نەجەف: 2 تووشبوو.

17- دیوانییە: 1 تووشبوو.

18- ئەنبار: 1 تووشبوو.

گوتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوەشکرد، نیشانە سەرەتاییەکانی تای خوێنبەربوون بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، سەرئێشە، ئازار لە ناوچە جیاجیاکانی جەستەدا و شەکەتی گشتی. لە قۆناخەکانی دواتریشدا رەنگە ببێتە هۆی خوێنبەربوونی ژێر پێست یان خوێنبەربوون لە کونە سروشتییەکانی جەستەوە.

سیف بەدر جەختی کردەوە، پێویستە لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەم نیشانەدا، بەتایبەت لای ئەوانەی بەهۆی کارەکەیانەوە (وەک گۆشتفرۆش، ئاژەڵدار و بازرگانانی ئاژەڵ) بەرکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ ئاژەڵدا هەیە، سەردانی نزیکترین ناوەندی تەندروستی بکەن؛ چونکە دەستنیشانکردنی پێشوەختە وەرگرتنی چارەسەری کاریگەر ئاسان دەکات.

وەزارەتی تەندروستی داوای لە هاووڵاتیان کرد پابەندی ئەم رێنماییانە بن.

 1. کڕینی گۆشت تەنها لەو کوشتارگانەی کە مۆڵەتی فەرمی تەندروستییان هەیە.

 2. ڕێگریکردن لە لەوەراندن و سەربڕینی هەمەجۆرو بێسەروبەر لەناو گەڕەک و ناوچە نیشتەجێبووەکاندا.

 3. لەبەرکردنی دەستکێش و جلی پارێزەر لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ, گۆشت و پاشماوەکانیاندا.

 4. قڕکردنی مێشوولە و گەنە (کە گوێزەرەوەی سەرەکی نەخۆشییەکەن).

 5. شتنی بەردەوامی دەستەکان و پاکژکردنەوەی کەرەستەکانی بڕینی گۆشت.

 6. بەستنی گۆشت لە پلەی گەرمی زۆر نزمدا، و لێنانی بە پلەی گەرمی بەرز و بۆ ماوەیەکی پێویست.

لە کۆتاییدا، سەیف بەدر روونی کردەوە، ئەرکی وەزارەتی تەندروستی بریتییە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و پێشکەشکردنی چاودێری پزیشکی و هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بە هاوکاری میدیاکان. بەڵام قڕکردنی گەنە، مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو، رێگریکردن لە سەربڕینی سەرشەقامەکان، لە ئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵ، هێزە ئەمنییەکان و شارەوانییەکاندایە.