ئەمریکا رێگری لە ترانسجێندەرەکان دەکات بەشداری لە وەرزشی کچاندا بکەن
دادگای باڵای ئەمریکا دوو بڕیاری لەبارەی وەرزشی کچان و مافی رەگەزنامە دەرکرد
دادگای باڵای ئەمریکا دوو بڕیاری مێژوویی دەرکرد؛ لە لایەکەوە یاسای پاراستنی وەرزشی ئافرەتانی جێبەجێ کرد و تیمی کچانی تەنیا بۆ ڕێژەی مێی بایۆلۆژی سنووردار کرد، لە لایەکی دیکەشەوە فەرمانێکی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپی رەتکردەوە و مافی رەگەزنامەی بۆ سەرجەم ئەو منداڵانە دووپاتکردەوە کە لە ئەمریکا لەدایک دەبن، تەنانەت ئەگەر دایک و باوکیشیان کۆچبەری نایاسایی بن.
سێشەممە 30ـی حوزەیرانی 2026، دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیارێکی دەکرد و تێیدا رایگەیاند، ویلایەتەکان و قوتابخانەکان مافی ئەوەیان هەیە تیمە وەرزشییەکانی کچان و ئافرەتان تەنیا بۆ رەگەزی مێی بایۆلۆژی سنووردار بکەن؛ بەمەش یاسای پاراستنی وەرزشی ئافرەتان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و رێگری لەو قوتابییانە دەکرێت کە رەگەزیان نێرە و وەک مێ دەردەکەون، لە کێبڕکێی کچاندا بەشداری بکەن.
بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، چیتر بەشداریپێکردنی ترانسجێندەرەکان (ئەوانەی رەگەزی بایۆلۆژییان نێرە) لە وەرزشی کچاندا وەک مافێکی دەستووریی نامێنێت و ویلایەتەکان دەتوانن بەپێی یاساکانی خۆیان تیمە وەرزشییەکان رێکبخەنەوە. ئەم بڕیارە هاوکات دۆسیەیەکی هاوشێوەی ویلایەتی ئایداهۆش (Little v. Hecox) یەکلایی دەکاتەوە و بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ پارێزگاران و لایەنگرانی پاراستنی مافی ئافرەتان لە کایە وەرزشییەکاندا هەژمار دەکرێت.
لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بارەی ئەو بڕیارەی دادگاوە پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) بڵاو کردەوە و تێیدا، خۆشحالی خۆی بۆ بڕیاری دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پیشان دا
کێشەکە لەوەوە دەستی پێ کرد کە ئایا بەپێی ماددەی نۆ و بەندی پاراستنی یەکسان لە ماددەی 14ـی دەستوور، قوتابخانەکان دەتوانن تیمە وەرزشییەکان تەنیا بۆ ئەو کەسانە تەرخان بکەن کە لە رووی بایۆلۆژییەوە مێینەن.
لە ساڵی 2021دا، ویلایەتی ڤێرجینیای رۆژئاوا یاسای پاراستنی وەرزشی ژنانی دەرکرد، کە تێیدا بە روونی ئاماژە بەوە کراوە رەگەز تەنیا لە رێگەی بایۆلۆژییەوە دیاری دەکرێت. ئامانجی یاساکە دابینکردنی دەرفەتی یەکسان و دادپەروەرانە بوو بۆ کچان و ئافرەتان لە بواری وەرزشدا، چونکە پێیان وابوو بەشداریی نێرەکان لە تیمە وەرزشییەکانی مێینەدا، زیان بە هەلی کچان دەگەیەنێت.
دادگای باڵا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا، 27 ویلایەتی ئەمریکا یاسای هاوشێوەیان دەرکردووە بۆ پاراستنی وەرزشی کچان لەسەر بنەمای رەگەزی بایۆلۆژی. ئەم بڕیارەی دادگا دوای ئەوە هات کە قوتابییەک بە ناوی (بی. پی. جەی) کە لە رووی بایۆلۆژییەوە نێرە و وەک مێ خۆی دەناسێنێت، سکاڵای لە دژی ویلایەتەکە تۆمار کردبوو بە مەبەستی بەشداری لە تیمی کچاندا، بەڵام دادگا سکاڵاکەی رەت کردەوە.
دادگای باڵا: پێدانی رەگەزنامە بەو منداڵانەی لە ئەمریکا لە دایک دەبن بە فەرمانی سەرۆک دەستکاری ناکرێت
هاوکات دادگای باڵای ئەمریکا لە بڕیارێکی دیکەیدا رایگەیاند، ئەو منداڵانەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە دایک دەبن، تەنانەت ئەگەر دایک و باوکیشیان بە شێوەیەکی نایاسایی یان کاتی نیشتەجێ بن، بە هاووڵاتیی ئەمریکی دادەنرێن.
ئەم دۆسیەیە کە بە ترەمپ دژی باربارا ناسراوە، دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، فەرمانێکی سەرۆکایەتی دەرکرد. ترەمپ لە فەرمانەکەیدا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەو منداڵانە ناکەونە ژێر دەسەڵاتی یاسایی ئەمریکا و بۆیە شایستەی رەگەزنامە نین، ئەمەش بە ئامانجی سنووردارکردنی کۆچی نایاسایی.
دادگای باڵا لە وەڵامەکەیدا پشتی بە ماددەی 14ی دەستووری ئەمریکا بەستووە و رایگەیاندووە: "ئەو منداڵانەی لە ئەمریکا لە دایک دەبن، لە ژێر دەسەڵاتی یاسایی دەوڵەتدان و لە کاتی لەدایکبوونیانەوە دەبنە هاووڵاتی." دادگا جەختی کردەوە، پرسی رەگەزنامە رەگ و ریشەی لە مێژووی یاسایی ئەمریکادایە و ناتوانرێت بە فەرمانی سەرۆکایەتی دەستکاری بکرێت.