ڤانس: لە تاکتیکی فارسەکان بۆ دانوستان تێناگەم
جێگری سەرۆکی ئەمریکا، وردەکاریی نوێ لەسەر گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، شاندێکی باڵا گەشت دەکەن بۆ قەتەر؛ هاوکات رەخنە لە تەکتیکە دیپلۆماسییەکانی تاران دەگرێت و جەخت لەسەر هەماهەنگیی نێوان رێککەوتنەکانی لوبنان و ئێران دەکاتەوە.
سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ئاشکرای کرد، لەسەر داوای کۆماری ئیسلامیی ئێران، واشنتن بڕیاری داوە شاندێکی باڵا ڕەوانەی دەوحەی پایتەختی قەتەر بکات؛ ئاماژەی بەوە دا، نێردراوەی تایبەت ویتکۆف و جارید کۆشنەر سەرۆکایەتی شاندەکە دەکەن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئاستبەرز و گفتوگۆی تەکنیکی لەسەر یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات.
ڤانس لە بەشێکی قسەکانیدا نیگەرانیی خۆی لە شێوازی مامەڵەی دیپلۆماتکارانی ئێرانی دەربڕی و گوتی: "ئەوەی لای من سەرنجڕاکێش و بێزارکەریشە، ئەوەیە کە ئێرانییەکان لە میدیاکاندا دەڵێن هیچ گفتوگۆیەکی ئاشتی لە ئارادا نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە ژوورە داخراوەکاندا خەریکی گفتوگۆی تەکنیکین لەگەڵمان، ئەمە جۆرێکە لە تەکتیکی فارسی بۆ دانوستان کە تێگەیشتنی بۆ ئێمە ئاسان نییە."
جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، ئێستا لوبنان و ئیسرائیل بە شێوەیەکی راستەوخۆ گفتوگۆ دەکەن، کە ئەمە پێش چەند مانگێک مەحاڵ بوو. گوتیشی: "ئێمە کار دەکەین بۆ یەکخستنی رێککەوتنی ئاشتیی لوبنان و ئیسرائیل لەگەڵ یاداشتی لێکگەیشتنی ئەمریکا و ئێران؛ بنەمای سەرەکی لە هەردوو بەڵگەنامەکەدا ئەوەیە کە دەبێت رێز لە سەروەریی خاکی لوبنان بگیریت."
سەبارەت بەو رەخنانەی لە ناوخۆی ئەمریکا ئاراستەی ترەمپ دەکرێن بۆ بەکارنەهێنانی هێزی زیاتر دژی ئێران، ڤانس گوتی: "هەندێک کەس هەن تەنیا داوای بۆردوومان دەکەن، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نیشانی داوە کە ئامادەیە هێزی سەربازی بەکاربهێنێت تەنیا ئەگەر ئامانجێکی دیاریکراوی هەبێت، ئێمە نامانەوێت بەبێ پلان بۆمب ببارێنین."