کاروباری خانووبەرە بە ئەلیکترۆنی دەکرێت
لە ئەمڕۆوە کاروباری نووسینگەکانی خانووبەرە لە عێراق بە ئەلیکترۆنی دەکرێت و بە دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە دەبەسترێتەوە، بڕیارەکە لە ئایندەدا هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن جێبەجێکردنی پێویستی بە کات و ژێرخانی دیجیتاڵییە.
بڕیاری بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروباری نووسینگەکانی خانووبەرە لە عێراق چووە بواری جێبەجێکردنەوە و لەمەودوا کاری کڕین و فرۆشتن بە دامەزراوەکانی حکوومەتەوە دەبەسترێنەوە.
بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا سیستمەکە لە هەرێمی کوردستانیش کاری پێ بکرێت، بەمەش رێکارەکانی گواستنەوەی خاوەندارێتی زۆر ئاسانتر دەبن.
سەبارەت بەم پرسە گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی هەولێر بە کوردستان 24ـی راگەیاند، حکوومەتی عێراق 1ـی مانگی 7ـی وەکو دوایین مۆڵەت بۆ دەستپێکردنی کارەکە دیاری کردووە، بەڵام هێشتا لە هەرێمی کوردستان نەچووەتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی ئاشکرای کرد. چەندین کۆبوونەوەیان بۆ هەڵسەنگاندنی بڕیارەکە کردووە. باسی لەوەش کرد، بەستنەوەی نووسینگەکان بە دامەزراوەکانی حکوومەت پێویستی بە ژێرخانی دیجیتاڵی و کات هەیە.
هەروەها روونی کردەوە، لە کاتی جێبەجێکردنیدا کارەکان بە وەزارەتەکانی ناوخۆ و داد و ژووری بازرگانییەوە دەبەسترێنەوە، لە بەرانبەردا رەنگە بڕێک کرێ و تێچوو وەربگیرێت هاوشێوەی گرێبەستی پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل.
جەختیشی کردەوە، هەر کارێکی کڕین و فرۆشتن لە دەرەوەی ئەم سیستمە بێت بە نایاسایی هەژمار دەکرێت و پەسەند ناکرێت.
لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵەی نێوەندگیریی راوێژکاریی خانووبەرە بێئاگایی خۆیان لە هەنگاوەکانی بڕیارەکە نیشان دا و ئاماژەیان بەوە کرد، تەنیا لە رێگەی میدیاکانەوە هەواڵەکەیان بیستووە و هیچ راوێژێکیان پێ نەکراوە.
بەپێی ئامارەکان لە هەولێر 7500 نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە هەن و رۆژانە سەدان کاری کڕین و فرۆشتنیان تێدا ئەنجام دەدرێت.
پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروباری خانووبەرە، یەکێکە لە هەنگاوە گەورەکانی وەزارەتی دادی عێراق بۆ نەهێشتنی رۆتین و کەمکردنەوەی گەندەڵی. لە ماوەی رابردوودا، وەزارەتەکە لە رێگەی پلاتفۆرمی "ئور" و "عەقاری" دەستی بە ئۆتۆماتیککردنی کارەکان کردووە، بە جۆرێک تۆماری خانووبەرە راستەوخۆ بە فەرمانگەکانی باج، شارەوانی و بانکەکانەوە دەبەسترێتەوە.
ئەم پرۆسەیە رێگری دەکات لە قاچاخچێتی و سپیکردنەوەی پارە، چونکە پێویست دەکات سەرچاوەی پارەی کڕیار لە رێگەی بانکەکانەوە دیاری بکرێت.