کۆمپانیای فۆرد زیاتر لە 740 هەزار ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی ئەمریکا دەکشێنێتەوە
بەهۆی هەبوونی گرفت لە سیستەمی گێڕ و گواستنەوەی جووڵە، کۆمپانیای فۆرد بڕیاری دا زیاتر لە 740 هەزار ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی ئەمریکا بکێشێتەوە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە دەرکەوتووە ئەو گرفتە تەکنیکییە مەترسیی رووداوی هاتووچۆ و پێکدادان زیاد دەکات.
رۆژنامەی "دەیلی مەیل" لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، بە گوێرەی ئامارەکانی کارگێڕی نیشتمانیی سەلامەتی هاتوچۆ لەسەر رێگا خێراکان (NHTSA)، کۆمپانیای فۆرد 741,195 ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی ئەمریکا دەکشێنێتەوە.
لە راپۆرتی ئەو دەزگا حکوومییەدا هاتووە، کێشەکە لەوەدایە کە رەنگە ئۆتۆمبێلەکە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بجووڵێت، تەنانەت دوای ئەوەی شۆفێرەکە رایگرتووە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی سەرنشینان و پیادە دروست دەکات.
ئەو جۆرانەی کە بڕیاری کێشانەوەیان بۆ دەرچووە بریتین لە: "Navigator" و "Expedition" مۆدێلەکانی 2018 تا 2021، "Explorer" و "Lincoln Aviator" مۆدێلەکانی 2020 و 2021، لەگەڵ بار هەڵگری "F-150" مۆدێلی 2021. بریکارە فەرمییەکان بە بێ بەرامبەر سیستەمی پرۆگرامسازی گێڕی ئۆتۆمبێلەکان نوێ دەکەنەوە و پشکنین بۆ پارچەکانی دەکەن.
جگە لەمە، فۆرد لە هەڵمەتێکی دیکەدا 36,046 ئۆتۆمبێلی جۆری "Bronco" دەکشێنێتەوە، بەهۆی ئەوەی پارچەیەک لە سەر باڵی ویلەکان جێگیر نییە و ئەگەری هەیە لە کاتی لێخوڕیندا لێ ببێتەوە و ببێتە هۆی رووداو.
لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیای فۆرد ناچار بووە 350 ئەندازیاری شارەزا کە پێشتر کاریان لە کۆمپانیاکەدا کردووە، دووبارە دابمەزرێنێتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی دەرکەوت سیستەمی ژیریی دەستکرد (AI) نەیتوانیوە وەک پێویست کێشەکانی جۆریی و کوالێتی چارەسەر بکات، ئەمەش زیانی دارایی گەورەی بە کۆمپانیاکە گەیاندووە.
بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکە دانی بەوەدا ناوە کە پشتبەستنی زۆریان بە ژیریی دەستکرد ئەنجامی دڵخۆشکەری نەبووە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، کە کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا دەبێت کارگەکانیان بۆ بەرهەمهێنانی چەک و کەرەستەی سەربازی ئامادە بکەنەوە.