ئەو جووتیارانەی زەوییان بەر پڕۆژەی ئاوی هەولێر کەوتووە قەرەبوو دەکرێنەوە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو جووتیارانە تەواو کردووە کە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بەر پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر کەوتووە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت سەرجەم جووتیارە زیانمەندبووەکان قەرەبوو بکرێنەوە.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو جووتیارانە تەواو کراون کە زەوییەکانیان بەر پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر کەوتوون، لە چەند رۆژی داهاتوودا بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو جووتیارانە قەرەبوو دەکرێنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاشکراشی کرد، رووبەری ئەو زەوییانەی بەر پڕۆژەکە کەوتوون نزیکەی 500 دۆنم زەویی کشتوکاڵییە. داواش لە جووتیارانی زیانمەند دەکات لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بکەن، بۆ ئەوەی لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر قەرەبووەکانیان وەربگرنەوە.
لە 8ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری دانا. ئەم پڕۆژەیە بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکان دادەنرێت و دەتوانێت بۆ ماوەی 30 ساڵ گرفتی کەمئاوی لە پایتەخت چارەسەر بکات.
پڕۆژەکە لە لایەن کۆمپانیا ناوخۆییەکانەوە بە شێوەیەکی 100% تەواو کراوە و بە گوژمەی 27 ملیار دینار، کار بۆ بەستنەوەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە تۆڕەکانی ناوخۆی ئاو دەکرێت.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە لە 8ـی ئەیلوولی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت بەردی بناغەی داندرا. پڕۆژەکە بە گوژمەی 480 ملیۆن دۆلار و لە ماوەی کەمتر لە 550 رۆژدا جێبەجێ دەکرێت، کە ئامانجی سەرەکیی چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی پایتەختە بە رێژەی 100%.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر:
- توانای بەرهەمهێنان: رۆژانە 480 هەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت و بۆ هەر کاتژمێرێک 20 بۆ 21 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن دابین دەکات.
- سەرچاوەی ئاو: ئاو لە زێی گەورە وەردەگرێت و بەپێی ستانداردەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) پاکژ دەکرێتەوە.
- رووبەری سوودمەند: گەڕەکەکانی نێوان شەقامەکانی 120 مەتری و 150 مەتری، هەروەها دەوروبەری هەولێر وەک (دارەتوو، بنەسڵاوە، کەسنەزان، پیرزین، شاوێس، بەحرکە، عەنکاوە و سێبیران).
- ژێرخان: بەکارهێنانی 200 کیلۆمەتر بۆڕیی سپایڕۆڵ و 280 کیلۆمەتر بۆڕیی ئەسیلین بۆ گەیاندنی ئاو بە گەڕەکەکان.
- ژینگەپارێزی: بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، زیاتر لە 1000 بیری ئاو دادەخرێن بە مەبەستی پاراستنی سامانی ئاوی ژێرزەوی.