ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی ئیسرائیل دەداتەوە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، وەڵامی لێدوانەکانی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیلی دایەوە کە تێیدا رایگەیاندبوو "موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران، حوکمی مردنی بەسەردا سەپێنراوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی "رووبەرووی هەر هەڕەشەیەک دەبینەوە کە گەل و سەرکردایەتیمان بکاتە ئامانج". 

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنمان لەگەڵ ئەمریکا روونە و سەرۆکی ئەمریکا پابەند دەکات بەوەی ئیسرائیل جڵەوگیر بکات، هۆشداریشیدا، ئەگەر گوێڕایەڵ نەبن، ئێران وانەیەکیان پێدەدات کە هەرگیز لەبیری نەکەن.

ئەم گرژییە دوای ئەوە هات کە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە میانی مەراسیمی یادکردنەوەی سەربازە کوژراوەکانی شەڕی لوبناندا، ئاماژەی بە ئەگەری نوێبوونەوەی شەڕ لەگەڵ تاران کرد و رایگەیاند "تەلئەڤیڤ ئامادەیە بۆ جاری سێیەم هێرش بکاتە سەر تاران ئەگەر پێویست بکات."

کاتز روونیکردەوە، رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر ئەوەی سەلماند نابێت چاوەڕێی مەترسی بکەن و گوتی "دوو جار هێرشی پێشوەختەمان لە دژی ئێران کردووە، ئەگەر پێویستیش بکات هێرشی سێیەم دەکەین." هۆشداریشی دا کە سوپای ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی نادیار لە ناوچە ئەمنییەکانی لوبنان، سووریا و غەززە دەمێنێتەوە و ناکشێتەوە.