ترەمپ: کۆبوونەوەی زۆر باشمان لەگەڵ ئێران هەبووە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، گفتوگۆیەکانی لەگەڵ تاران لەسەر پرسی داماڵینی چەکی ئەتۆمی ئەنجامی ئەرێنییان هەبووە؛ ئاماژەی بەوەش دا، وڵاتەکەی ئێستا لەوپەڕی گەشەی ئابووریدایە و سەدان کارگە و پڕۆژەی گەورە لە جێبەجێکردندان.

چوارشەممە 1ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گوتی: "پڕۆسەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە ئێران زۆر بە باشی هەنگاو دەنێت، ئێمە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی زۆر باشمان ئەنجام داوە."

ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، هەرچەندە پێشتر بە توندی لە پێگەکانی ئێرانیانداوە، بەڵام ئێستا دۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە دەچێت. جەختیشی کردەوە کە ئێران بە هیچ شێوەیەک نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە ئەگەر ئەوە رووبدات تەواوی هەوڵەکانی تری ئاشتی و گەشەپێدان لە ناوچەکەدا بێمانا دەبن.

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە گەشەی ئابووریی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "ئەمریکا لە مێژووی خۆیدا چالاکیی ئابووریی وای بەخۆوە نەبینیوە، ئێمە سەرقاڵی بنیاتنانی چەندین کارگەی ئۆتۆمبێل و پڕۆژەی تەکنۆلۆژیی نوێین." ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، وڵاتەکەی لە بواری "زیرەکیی دەستکرد" و پیشەسازیی قورسدا هەنگاوی گەورەی ناوە، کە چەندین ساڵ بوو ئەمریکا لەو بوارانەدا پاشەکشەی کردبوو.

هاوکات میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە دەوحەیە، بڕیارە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ پاکستان و قەتەر بکات.

لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاماژەشیان داوە، هەر سێ وڵات لە کۆبوونەوەکەدا سەرنج دەخەنە سەر شێوازی جێبەجێ کردن یاداشتی لێکتێگەشتن لەگەڵ ئەمریکا.