بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دیالە دوورخرایەوە

عەلی سەعدی وەهیب، وەزیری کارەبا، بە فەرمانێکی وەزاری میقداد جورانی، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای پارێزگای دیالە لە پۆستەکەی دوورخستەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی توممووزی 2026، نووسراوێکی وەزارەتی کارەبای عێراق بڵاوبووەتەوە و تێیدا هاتووە، میقداد جورانی، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای پارێزگای دیالە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و سەیف سالم جێگەکەی دەگرێتەوە. هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە مەیسەم هادی ئەحمەد وەک یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی دابەشکردنی کارەبای دیالە دەستبەکار دەبێت.

ئەم گۆڕانکارییە ئیداریانە دوای ماوەیەکی کەم لە دەرکردنی فەرمانی وەزاری دێت بۆ رەوانەکردنی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی دابەشکردنی کارەبا لە باشوور، غەیس نەجم عوبێد، بۆ لێکۆڵینەوە و راگرتنی بۆ ماوەی 60 رۆژ لە پۆستەکەی، هەروەها بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ وردبینیکردنی سەرجەم کارەکانی کۆمپانیاکە، لەگەڵ ئەوەی تاریق فەرەج ئەحمەد راسپێردرا بۆ بەڕێوەبردنی بە شێوەیەکی کاتی.

لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی کارەبا بڕیاریدا چەند لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت بۆ بەدواداچوون بۆ شکستەکانی دۆسیەی وزە لە پارێزگای بەسرە، لەوانە ئاشکراکردنی دەستکاریکردنی پێوەرە ئەلیکترۆنیەکان لە کۆمەڵگە بازرگانییەکان و کۆنەکردنەوەی بڕی پارە لەهەندێک کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، بەهۆی ئەوەوە فەرمانی دەرکردنی 28 بەرپرس لە کۆمپانیای دابەشکردنی باشوور و رەوانەی دەستەی دەستپاکی کراون بۆ لێکۆڵینەوە.