پارتی چاکسازی تورکمان: بەشداری لە رێوڕەسمی رێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ ناکەین
پارتی چاکسازی تورکمان بڕیاری دا بایکۆتی رێوڕەسمی واژۆکردنی هاوپەیمانیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ بکات. پارتییەکە رایگەیاند کە لەبری دروستکردنی کەشێکی هاوکاری، ئەم جۆرە هەنگاوانە دەبنە هۆی لێکترازان و دوورکەوتنەوەی لایەنە سیاسییەکان لە یەکتر.
رۆژی چوارشەممە، 1ی تەمموزی 2026، پارتی چاکسازی تورکمان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، وەک لایەنێکی سیاسی باوەڕیان وایە کە لەم قۆناخە هەستیارەی هەرێمی کوردستاندا، پێویستە هەموو هاوپەیمانییەکان لە چوارچێوەی یەکگرتوویی و رێزگرتن بێت لە قەوارەی سیاسی هەرێم و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "بە داخەوە هەندێک هەڵسوکەوت و ئاراستەی سیاسی لەبری متمانەسازی، دەبنە هۆی دروستبوونی لێکترازان، ئەمەش لە دۆخێکدایە کە هاووڵاتیان چاوەڕوانی چارەسەرکردنی کێشەکان و کاراکردنی دامەزراوە دەستوورییەکانن."
پارتی چاکسازی تورکمان پێی وایە هەر هەنگاوێک ببێتە هۆی ئاڵۆزکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان یان درەنگخستنی چارەسەری کێشە سەرەکییەکان، کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەی سیاسی هەرێم دەبێت، بەتایبەت دواخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت کە زیان بە بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، پارتی چاکسازی تورکمان جارێکی دیکە بانگەواز بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات کە بەرژەوەندی گشتی، کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی خێرای حکوومەت بخەنە پێش هەر بەرژەوەندییەکی دیکە و پارێزگاری لە سەقامگیری سیاسی هەرێمی کوردستان بکەن.