جەی دی ڤانس: گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بە باشی بەڕێوەدەچن
ئیدارەی ئەمریکا پشتگیریی خۆی بۆ بەردەوامیی دانوستانە دیپلۆماسییەکانی دەوحە لەگەڵ ئێراندا دەربڕی، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند: ترەمپ دەیەوێت دەرفەت بە رێڕەوی گفتوگۆکان بدات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر.
چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا روونی کردەوە، دانوستانە تەکنیکییەکان لە دەوحە لەگەڵ لایەنی ئێرانی و بە ئامادەبوونی قەتەرییەکان بە باشی بەڕێوەدەچن.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە گفتوگۆکان لەسەر وردەکارییەکانی دابینکردنی ئاسایش و گەرەنتیی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزدا چڕ بوونەتەوە.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا، تیشکی خستە سەر دەرئەنجامە ئەرێنییە ئابوورییەکانی ئەم ئارامییە و رایگەیاند: کە نرخی نەوت بۆ 68 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزیوە و تێچووی سووتەمەنیش بە شێوەیەکی گشتی رووی لە دابەزین کردووە.
ڤانس روونی کردەوە، ئەمریکا ئامانجێکی روونی دیاریی کردووە و هەوڵی بەدیهێنانی دەدات، بەڵام گرتنەبەری هەر هەنگاوێکی دیکەی ئیدارەی واشنتن، بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەندە بە هەڵوێست و کاردانەوەی لایەنی ئێرانییەوە.
گوتیشی: پێشتر بەهۆی هێرشکردنە سەر کەشتییەکان، ئەمریکا گورزی لە ئێران وەشاندووە و کارتی فشاری بۆ دابینکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز بەکار هێناوە.
هاوکات جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە تاران و رایگەیاند، ئەگەر ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی بونیات بنێتەوە و رێگری لە سەردانی پشکێنەرانی نێودەوڵەتی بکات، یان هێرش بکاتەوە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، هاوکێشەی بڕیاردانی ئیدارەی ئەمریکا دەگۆڕێت و ترەمپ بژاردەی زۆری لەبەردەستدا دەبێت بۆ بەکارهێنان لە دژیان.
ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، کە رێنماییەکانی ترەمپ بۆ شاندی دانوستانکار بریتییە لە پێشڕەویکردن بەرەو واژۆکردنی رێککەوتن و ئەنجامدانی دانوستانەکان بە نیازی پاکەوە.