زاخۆ و ڤایادۆلید دەبنە دەستەخوشک

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایدەگەیەنێت، کۆڕبەندی ئابووریی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ دروستکردنی پەیوەندیی و راگەیاندنی زاخۆ و شاری ڤایادۆلید وەک دوو شاری دۆست و دەستەخوشک.

چوارشەممە 1ی تەممووزی 2026، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بە گرنگیی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئابووریی نێوان هەرێم و ئیسپانیا کرد و رایگەیاند، ئەم چالاکییە دەروازەیەکی نوێی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی زاخۆ و هەرێمی کاستیا و لیۆن بە گشتی، و شاری ڤایادۆلید بەتایبەتی کردووەتەوە.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ روونی کردەوە کە گفتوگۆی باش کراوە بۆ ئەوەی زاخۆ و ڤایادۆلید لە چوارچێوەی رێککەوتنی شارە دۆستەکاندا ببنە دەستەخوشکی یەکتر. ئەم رێککەوتنەش رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی ئیدارەی زاخۆ لە کەرتە جیاوازەکانی وەک خوێندن، کولتوور، گەشتوگوزار و کشتوکاڵدا، سوود لە ئەزموونی سەرکەوتوو و دێرینی ئەم شارە ئیسپانییە وەربگرێت.

گوهدار شێخۆ ئاماژەی بە کەرتی خوێندنی باڵا دا و گوتی: "زانکۆی شاری ڤایادۆلید یەکێکە لە کۆنترین زانکۆکانی سەر ئاستی ئیسپانیا، بۆیە هەماهەنگی لەم بوارەدا دەبێتە هۆی گواستنەوەی ئەزموونێکی دەوڵەمەندی پەروەردەیی بۆ هەرێمی کوردستان."

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاشکرایکرد، کار دەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا، سەرۆکی شارەوانیی شاری ڤایادۆلید بانگهێشتی زاخۆ بکەن تا لە نزیکەوە ئاشنای دەرفەتەکان بێت و لێکتێگەیشتنەکان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە تەممووزی ساڵی 2025دا، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە سەرۆکایەتیی گوهدار شێخۆ، و سەرکردایەتیی شاری مۆرهێدی ئەمریکا، ڕێککەوتنێکی فەرمیی دەستەخوشکی و دۆستایەتییان واژۆ کرد. ئەم ڕێککەوتنە کە لە لایەن کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر و سیناتۆر ڕۆب کۆپێک پێشوازیی گەرمی لێکرا، ئامانجی پەرەپێدانی هەماهەنگییە لە کایەکانی خوێندن، کشتوکاڵ و کولتووردا.