پارێزەرێک: ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت پڕۆسەی کۆچبەری بە تەواوی رابگرێت

دادگای باڵای فیدراڵیی ئەمریکا، بە بڕیارێکی مێژوویی، مشتومڕی لەسەر مافی هاووڵاتیبوون بەپێی لەدایکبوون یەکلایی کردەوە و بڕیارێکی پێشووی دۆناڵد ترەمپی بۆ رەتکردنەوەی بەخشینی ڕەگەزنامە بە منداڵانی دایک و باوکی بیانی رەتکردەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆنگرێس هەموارکردنەوەی دەستوور بە کارێکی یەکجار ئاڵۆز دەزانێت.

دادگای باڵای فیدراڵیی ئەمریکا، وەک بەرزترین دەسەڵاتی دادوەری لەو وڵاتەدا، کۆتایی بە مشتومڕی یاسایی لەسەر مافی هاووڵاتیبوون بەپێی لەدایکبوون هێنا؛ دادگاکە بڕیارێکی پێشووی دۆناڵد ترەمپی، سەرۆکی ئەمریکای رەتکردەوە کە داوای دەکرد ئەو منداڵانەی لەسەر خاکی ئەمریکا لە دایک و باوکێکی نا ئەمریکی لەدایک دەبن، مافی وەرگرتنی ڕەگەزنامەیان نەبێت. لە کۆی نۆ دادوەری دادگاکە، شەشیان دەنگیان لەسەر ئەوە دا کە هەموارکردنەوەی چواردەیەمی دەستووری ئەمریکا بە روونی ئاماژە بەوە دەکات "هەر کەسێک لەسەر خاکی ئەمریکا لەدایک بێت، هاووڵاتییەکی ئەمریکییە".

لە سیستمی یاسایی ئەمریکادا، دواجار بڕیاری کۆتایی لای دادگای باڵای فیدراڵییە؛ سەرجەم ئەو کەیسە یاساییانەی لە دادگاکانی دیکەدا یەکلایی ناکرێنەوە یان تانەیان لێ دەدرێت، لەو دادگایەدا دواقسەیان لەسەر دەکرێت. لە بەرامبەردا، ئیدارەی ترەمپ هێشتا هەوڵ دەدات دەرچەیەکی یاسایی بدۆزێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بەم بڕگە دەستوورییە و لەو چوارچێوەیەشدا داوای لە کۆنگرێس کردووە چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە. بەڵام ئەم پڕۆسەیە ئاسان نییە و پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستوور هەیە؛ هەموارکردنەوەی دەستووریش رەزامەندیی دوو لەسەر سێی ئەندامانی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران، لەگەڵ سێ لەسەر چواری ویلایەتەکانی ئەمریکای پێویستە، کە ئەمەش لە دۆخی سیاسیی ئێستای ئەمریکادا بە کارێکی یەکجار دژوار دادەنرێت.

لەمبارەیەوە مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە گوتارێکدا رایگەیاند: "من دڵنیام لە کۆتاییدا ئەم مژارە بە هەموارکردنەوەی دەستوور چارەسەر دەکرێت، بەڵام هەموومان دەزانین هەموارکردنەوەی دەستوور ئاڵنگارییەکی گەورەیە. لە مێژووی وڵاتەکەماندا تەنیا 27 جار ئەم کارە کراوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە پێویستی بە رەزامەندیی دوو لەسەر سێی ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران، هەروەها سێ لەسەر چواری ویلایەتەکان هەیە. ئەمە پڕۆسەیەکی چەند ساڵەی زۆر ئاڵۆزە. بەڵام من زۆر نائومێدم لەم بڕیارەی دادگا و پێم وایە وڵات رووبەڕووی ئاڵنگاریی جیددی دەکاتەوە؛ ئێمەش وەک کۆنگرێس دەبێت کاری لەسەر بکەین."

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بە شێوازێکی زۆر توندتر لە خولی یەکەمی، پرسی کۆچبەرانی خستووەتە ژێر چاودێرییەوە؛ یاسا و رێساکانی پەنابەریی توندتر کردووەتەوە و رێوشوێنی دیپۆرتکردنەوەی بەکاردێنێت، تەنانەت هەوڵ دەدات ئەو کەسانەش بنێرێتەوە کە مافی مانەوەی کاتییان پێدراوە. ئەم هەوڵانەی ئیدارەی ئەمریکا رووبەڕووی رەخنەی توندی پارێزەران و ڕێکخراوە مرۆییەکان بووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، حەیدەر موونزڕ، پارێزەری کەیسەکانی کۆچبەری لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "گۆڕانکارییەکان لە بواری کۆچبەریدا زۆر و خێران. ئیدارەی ئێستا بە تایبەتی کۆچبەرانی کردووەتە ئامانج و هەوڵ دەدات رێگری لە هاتنی هەر پەنابەرێک بکات بۆ ئەمریکا. لە سەرەتادا وایان نیشان دەدا کە تەنیا کۆچبەرە نایاساییەکان و ئەوانەی دۆسیەی تاوانکارییان هەیە دەکەنە ئامانج، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەوەیە کە ئامانجی راستەقینەیان راگرتنی تەواوی پرۆسەی کۆچبەرییە."

بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی پۆلیسی کۆچبەری و گومرگی ئەمریکا، لە یەکەم ساڵی خوولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا و بەهۆی توندکردنەوەی یاساکانی کۆچبەری، زیاتر لە سێ ملیۆن کۆچبەری نایاسایی خاکی ئەمریکایان جێهێشتووە؛ لەو رێژەیەش نزیکەی ملیۆنێکیان دیپۆرت کراونەتەوە و زیاتر لە دوو ملیۆنی دیکەش خۆیان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووەتەوە یان وڵاتەکەیان جێهێشتووە.