میدیاکانی رۆژئاوا: دەستگیرکردنی بەرپرسە باڵاکانی عێراق تاقیکردنەوەیە بۆ عەلی زەیدی
خوێندنەوەی میدیاکانی رۆژئاوا بۆ هەڵمەتی بەرەبەیان کە حکوومەتی عێراق دژی گەندەڵی دەستیپێکردووە، بەردەوامە. ئەم هەڵمەتە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی سەردانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ئەمەش پرسیاری ئەوەی لای چاودێران دروستکردووە، ئایا ئەم هەڵمەتە نەهەنگە گەورەکان دەگرێتەوە یان تەنیا نمایشێکی پێش سەردانەکەیە؟
ماڵپەڕی "میدیا لاین"ی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات، دەستگیرکردنی بەرپرسە باڵاکان تاقیکردنەوەیەکی زووە بۆ زەیدی. حکوومەت دەیەوێت وەک دەسەڵاتێکی بەهێز و بڕیاردەر دەربکەوێت کە ئامادەیە رووبەڕووی سیستەمی گەندەڵی ببێتەوە، بەڵام گومان هەیە، ئایا ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تۆڕە قووڵەکانی گەندەڵی کە پەیوەندییان بە گرووپە چەکدارەکان و بەرژەوەندییەکانی ئێرانەوە هەیە، یان تەنیا بۆ هێورکردنەوەی شەقام و وەڵامدانەوەی فشارە دەرەکییەکانە.
تەڵحە عەبدولڕەزاق، پسپۆڕی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێی وایە هەڵسەنگاندنی ئەم هەڵمەتە بەگوێرەی قەبارەی هەڵکوتانەکان نییە، بەڵکو بەگوێرەی ئەو کەسانەیە کە دەستکاری نەکراون. ئەو دەڵێت: "ئەوانەی دەستگیرکراون تەنیا گەندەڵی بچووک و قوربانین، نەهەنگە گەورەکان کە 24 ساڵە عێراق دەخۆن هێشتا دەستیان بۆ نەبراوە." هەروەها بەکارهێنانی دەزگای دژەتیرۆر و تانک بۆ دەستگیرکردنی کەسانێک کە میلیشیایان نییە، بە نمایشێکی سەربازی ناودەبات بۆ پیشاندانی هێزی زەیدی.
بەگوێرەی لێکدانەوەی فەزڵ ئەحمەد، چاودێری سیاسی، تا ئێستا هەڵمەتەکە سیاسییە سوننەکانی پلە سێ و کەسانی نزیک لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی پێشووی کردووەتە ئامانج، بەتایبەت تۆڕەکەی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت. ئەو دەڵێت؛ ئەم هەڵمەتە شەرعییەتێکی جەماوەری کاتی دەداتە زەیدی و دەبێتە هۆی ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی وەک کارتێک بەرامبەر فشارەکانی ئەمریکا بەکاریبهێنێت، بێ ئەوەی دەست بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران ببات.
لای خۆیەوە ماڵپەڕی ئەمواجی بەریتانی بڵاویکردەوە، لایەنە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئاگاداری ئەوەن کە هەڵمەتەکە نەبێتە هۆی تێکدانی پەیوەندیی نێوان هاوبەشە سەرەکییەکان. پێشبینی دەکرێت سەرکردە باڵاکانی شیعە لە دەستگیرکردن بەدوور بن بۆ ئەوەی سەقامگیری حکوومەت تێکنەچێت.
راپۆرتە بەریتانییەکە ئاماژە بەوە دەکات، زەیدی لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا ئەم هەڵمەتە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری دارایی و متمانەی نێودەوڵەتی بەکاردەهێنێت. لە هەمان کاتدا، لایەنە سیاسییە زیانلێکەوتووەکانی وەک هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی موسەننا سامەڕائی کە دەستگیرکراوە، چاودێری وردی رێکارە یاساییەکان دەکەن. ئەگەر هەڵمەتەکە کز ببێتەوە، ئەگەری هەیە لێخۆشبوون یان رێککەوتنی سیاسی بۆ تۆمەتبارەکان بێتە ئاراوە.