رووسیا بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر کیێڤ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تەمموزی 2026، سوپای رووسیا بە زنجیرەیەک مووشەکی بالیستی و بە کۆمەڵێک درۆن هێرشێکی کردە سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا، بەهۆیەوە زیانی گیانی و ماددی زۆر کەوتەوە و سەقامگیری شارەکە تێکچوو.
بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی ناوەندەکانی فریاگوزاری، لە ئەنجامی هێرشەکاندا 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 30 کەسی دیکەش بریندار بوون. بەرپرسان پێشبینی دەکەن بەهۆی سەختی برینی هەندێک لە بریندارەکان و بەردەوامی گەڕان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا، ژمارەی قوربانییان روو لە زیادبوون بکات.
ڤیتالی کلیتشکۆ، سەرۆکی شارەوانی کیێڤ رایگەیاند، یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی رووبەڕووی هێرشەکان بوونەتەوە، بەڵام پاشماوەی مووشەکە تێکشکاوەکان لە ناوچەی شیفتشینکیفسکی لە ناوەندی پایتەخت و چەند گەڕەکێکی دیکە کەوتوونەتە خوارەوە. بەو هۆیەوە ئاگر لە سەربانی هۆتێلێک، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی سێ نهۆمی و چەند دامەزراوەیەکی پزیشکی کەوتووەتەوە.
پەیامنێرانی ئاژانسی "فرانس پرێس" لە کیێڤەوە رایانگەیاندووە، دەنگی تەقینەوەی زۆر بەهێز بیستراوە و دوکەڵێکی چڕ ئاسمانی شارەکەی داپۆشیوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لای دانیشتوان، بە جۆرێک خەڵکێکی زۆر بە پەلە و بە هەڵگرتنی پێداویستییەکانی خەوتنەوە بەرەو پەناگەکان هەڵاتوون.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە گەشتێکی فەرمیدا لە وڵاتی ئێرلەندا بوو، بەهۆی هێرشەکانەوە گەشتەکەی بڕی و بە پەلە گەڕایەوە کیێڤ. زێلێنسکی هۆشداری دا، زانیاری هەواڵگرییان پێگەیشتووە کە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، ئامادەکاری بۆ هێرشێکی زۆر گەورەتر و مەترسیدارتر دەکات.
سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە هاووڵاتیان کرد بە هیچ شێوەیەک هۆشدارییەکانی بەرگریی شارستانی پشتگوێ نەخەن و گوتی: "ئاگاداری خۆتان و منداڵەکانتان بن و لە ناو پەناگەکاندا بمێننەوە."
جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا چووەتە پێنجەمین ساڵی خۆیەوە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی جەنگەکە بێئاکام ماونەتەوە. لە چەند مانگی رابردوودا گرژییەکان گەیشتوونەتە ئەوپەڕی، بە تایبەت دوای ئەوەی ئۆکرانیا توانی لە رێگەی هێرشە ئاسمانییەکانیەوە زیانێکی گەورە لە ژێرخانی وزەی رووسیا بدات و یەک لەسەر سێی سووتەمەنی بەردەستی ئەو وڵاتە لەناو ببات.